هۆگر فاتیح بە گۆرانییەکی نوێ دەگەڕێتەوە نێو دنیای هونەر

 
رووداو دیجیتاڵ

هۆگر فاتیح رەسوڵ، هونەرمەندێکی کوردە و لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو رووی لە کاری هونەری کردووە، خاوەنی چەندین بەرهەمە، دوای دابڕانێک، ئێستا دووبارە دەستی بەکاری هونەریی کردووەتەوە و گۆرانییەکی نوێی بڵاوکردەوە.
 
گۆرانییەکە بەناوی "دڵدارەکەم"ـە، لە ئاوازی گۆرانیبێژ خۆیەتی و جەعفەر حوسێن تێکستەکەی نووسیوە.
 
گۆرانییەکە بە دەنگی شەپۆڵی دەریا دەستپێدەکات، وشەکان بە دەنگی گۆرانیبێژ ئاوێتەی میوزیکێکی خاو دەبێت. ناوەڕۆکێکی سۆزداری هەیە و وشەکان دەربڕین و گوزارشتکردنە لە جوانی یار.
 
ئەم بەرهەمە لە کەناڵی تایبەتی هۆگر فاتیح لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە کە چەند بەرهەمێکی دیکە لەخۆدەگرێت. 
 
هۆگر فاتیح، بە رووداوی راگەیاند، جگە لەم بەرهەمە، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بەرهەمی دیکە نوێ بڵاوبکاتەوە.
 
هۆگر فاتیح، برای هونەرمەند ئاراس کۆییە کە ناوێکی دیاری نێو هونەری میوزیک و گۆرانی کوردییەوە، لە نێو هەوادارانیدا بە "خەپە گیان" دەناسرێت، ئەم ناوەش بۆ یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی بەناوی "خەپە گیان بوخۆم" دەگەڕێتەوە.
 
هۆگر فاتیح رەسوڵ، لە 1967 لە کۆیەی باشووری کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە، لە 1978 لە کاتی پشووی هاوین میوزیکی خوێندووە، لە 1978 تاوەکو 1981 ئەندامی تیپی مۆسیقای منداڵانی هەولێر بووە، بە سەرپەرشتی هونەرمەند وریا ئەحمەد.
 
لە کۆتایی 1981 کوردستانی جێهێشتووە و لەگەڵ براکانی، ئاسۆس، نزار و ئاراس، رووی لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو کردووە، لە 1990 ماستەری لە بواری ئۆتۆماتیک و رۆبۆتیک و لە 1994 دکتۆرای لە هەمان بواردا بەدەستهێناوە.
 
لە 1982 لەگەڵ برا و هاوڕێیەکی تیپێکی میوزیکی کوردییان بەناوی "بڵێسە" دامەزراندووە، تاوەکو 1990 بەردەوام بووە و بەرهەمی کوردیی پێشکێشکردووە، ئاوازی گۆرانییەکانی لەلایەن هۆگر فاتیح دانراون. تیپەکە ئاهەنگی لە یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی دیکە سازکردووە.
 
زۆربەی بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە دەربڕینی خۆشەویستییە بۆ کوردستان، لەوانەش سروودی "کوردستانی من" کە بەر لە چەند ساڵێک هونەرمەند ئاراس کۆیی لە کورتەفیلمێک بەناوی "کوردستانی من" بە شێوازێکی نوێ پێشکێشکردەوە.
 
لە 1994 لە سوێد نیشتەجێ دەبێت و لە 1999 یەکەم ئەلبووی تایبەت بە خۆی بەناوی "دڵدار" بڵاودەکاتەوە، تێکڕای ئاوازی گۆرانییەکانی خۆی دایناون و بەشێک لە تێکستەکانی نووسیون.