ئەمشەو کۆنسێرتی خێرۆ عەباس لە قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت

28-07-2022
پەسار فایەق
پۆستەری کۆنسێرتی خێرۆ عەباس لە هەولێر
پۆستەری کۆنسێرتی خێرۆ عەباس لە هەولێر
نیشانەکردن خێرۆ عەباس ماڵی میوزیکی زەهاوی هەژار زەهاوی قەڵای هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ماڵی میوزیکی زەهاوی کە لە کۆتایی هەموو مانگێک سازدەکرێت، ئەمجارە کۆنسێرتێک بۆ خیرۆ عەباس، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستانی سازدەکات.
 
کۆنسێرتەکە کاژێر 8:00ـی ئەمشەو پێنجشەممە 28-7-2022 لە قەڵای هەولێر سازدەکرێت، تێیدا هونەرمەند گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی پێشکێش بە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە دەکات.
 
خیرۆ عەباس، بە رووداوی راگەیاند، ئەو زۆر دڵخۆشە لە قەڵای هەولێر کۆنسێرت سازدەکات کە مێژووییەکی دێرینی هەیە و گوتیشی، چوار گۆرانی لە ئەلبوومە نوێیەکەی و چەند گۆرانییەکی کۆنی پێشکێشدەکات.
 
لە کۆنسێرتەکەدا، سیڤان پایەدار، ژەنیاری ئامێری ساکسیفۆن بەشدارە و بە ئامێرەکەی میوزیک دەژنێت.
 
بەشداربوون لە کۆنسێرتەکەدا بە بلیتە و لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی نێو قەڵای هەولێر پێشکێش دەکرێت و تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکەیە.
 
وەک باونگەوازێک بۆ دامەزراندنی ئەو ماڵە لەلایەن هونەرمەند هەژار زەهاوییەوە، لە 4-11-2021، بە بەشداری هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان، کۆنسێرتێک لە قەڵای هەولێر سازکرا.
 
خێرۆ عەباس، لە 1-1-1962 لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە سووریا تەواو کردووە، لە 1986 لە ئەڵمانیا نیشتەجێبووە، لە 1989 دەستی بەکاری هونەری کردووە، لە 1998 یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'خەریبۆ' بڵاوکردووەتەوە، لە نەورۆزی 2002 کۆنسێرتێکی گەورەی لە ئاماد گێڕاوە و لە بەرهەمەکانیدا میوزیکی کلاسیکی کوردی و مۆدێرنی ئاوێتەکردووە.
 
ئەو هونەرمەندە خاوەنی هەشت ئەلبوومی گۆرانییە، بەناوەکانی 'خەریبۆ' 1998، 'وەستیا بوو' 2001، 'ئاخین' 2005، 'بارانا شەڤێ' 2007، 'زۆرێ' 2010، 'تو' 2014، 'دلاڤا' 2019 و 'دلنامە' 2022.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە