سەما میسری سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

رووداو- هەولێر 

سەما میسری، سەماکاری بەناوبانگی میسری سزای سێ ساڵ زیندانیکردن و 300 هەزار جونەیهی میسری، کە دەکاتە نزیکەی 15 هەزار پاوەندی بەریتانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش بە تاوانی ئەنجامدانی بەدڕەوشتی.

سەما میسری لە مانگی نیسانی رابردوودا و لە میانی لێکۆڵینەوەیەکدا لە ژمارەیەک ڤیدیۆ و وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکرا، چونکە داواکاری گشتیی میسر ئەو وێنە و ڤیدیۆییانەی بەو جۆرە باسکردبوو کە دەبنەهۆکاری بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی.

سەماکارە تەمەن 42 ساڵییەکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک لە ڤیدیۆ و وێنە وروژێنەرەکانی لە مۆبایلەکەی دزراون، بێ ئەوەی ئاگاداربووبێت.

رۆژی شەممە دادگای قاهیرە دانیشتنێکی ئەنجامدا و رایگەیاند، سەما میسری بنەما خێزانییەکان و بەها میسرییەکانی پێشێلکردووە و لە هەمانکاتیشدا سوودی لە ماڵپەڕ و ئەکاونتەکانی سۆشیاڵ میدیا وەرگرتووە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی "بەدڕەوشتی".

جۆن تەڵعەت، پەرلەمانتاری میسری کە داوای ئەنجامدانی رێکاری یاسایی بەرامبەر سەما میسری و بەکارهێنەرانی دیکەی تیکتۆک کردبوو، رایگەیاند، "جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئازادی و بەدڕەوشتییدا هەیە".

بەڵام سەما میسری بڕیاری دادگا رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تانە لە بڕیارەکە دەدات.

لە ساڵی 2018دا پەرلەمانی میسر یاسایەکی تایبەت بە تاوانی ئۆنلاینی پەسندکرد و دەسەڵات دەداتە حکومەت بۆئەوەی چاودێرییەکی وردی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی بکات.

لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک کەسی دیار لە تۆڕەکانی تیکتۆک و ئینستاگرام و هەروەها یوتیوب لە لایەن بەرپرسانی میسرەوە دەستگیرکراون، ئەوەش بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

جۆن تەڵعەت دەڵێت، چاوەڕێ دەکرێت کەسانی دیکەی دەستگیرکراویش هەمان سزای سەما میسرییان بدرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەمان تاوانیان ئەنجامداوە.