گەورەترین گۆرێلا لە هۆلیوود دەردەکەوێت

رووداو- ئاژانسەکان

ئەگەرچی سینەمای هۆلیوود لە ماوەی رابردوودا چەندین ئەژدیها و ئاژەڵی زەبەلاحی لەرێگەی فیلمە سینەماییەکانەوە پێشکەشکردووە، بەڵام ئەمجارەیان بەنیازە گەورەترینیان لە فیلمێکدا پێشکەشبکات.


کینگ کێینگ، ناوی گۆرێلایەکی زەبەلاحە کە لە زنجیرە فیلمێکی سینەماییدا دەرکەوتووە، دوایین بەشی لە ساڵی2005ـدا لە هۆڵە سینەماییەکانی جیهاندا نمایشکراوە.

ئێستا کار بۆ بەشێکی دیکەی ئەم فیلمە سینەماییە دەکرێت و کاری وێنەگرتنی لە ڤێتنام بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە مارسی 2017 لە سینەماکانی جیهاندا نمایشبکرێت.

جیاوازی بەشی ئەمجارەی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەگەڵ بەشەکانی پێشووی، گۆرێلای کە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، قەبارەی سێ هێندەی قەبارەی جارانیەتی.

جۆردن فۆت رۆبێرتس، دەرهێنەری بەشی نوێی فیلمەکە رایگەیاند، لە بەشی نوێی ئەم زنجیرە فیلمەدا، گەورەترین گۆرێلا بە قەبارەی 30 مەتر پێشکەشدەکەن کە بە قەد باڵەخانەیەکی نۆ نهۆمییە و سێ جار بە قەد گۆرێلاکەی بەشەکانی پێشووە.  

ئەم فیلمە توڕەیی ئەو گۆرێلایە لەبەرامبەر مرۆڤدا دەخاتەڕوو، بەڵام لە هەمانکاتدا شەیدای کچێکی شۆخ و شەنگ دەبێت و لە پێناویدا رووبەڕووی هەموو مەترسییەک دەبێتەوە.

دوایین بەشی ئەم زنجیرە فیلمە بەناوی کینگ کۆنگە و داهاتی 550 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و توانی سێ خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبێنێت.

یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە ساڵی 1933بەرهەمهات و وەک یەکێک لە فیلمە سەرکەوتووەکان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت.