ئەمڕۆ دوایین رۆژی کارکردنی بەشی کوردیی رادیۆی سوێدە

رووداو دیجیتاڵ

دوای 23 ساڵ کاکردن، ئەمڕۆ دوایین رۆژی کارکردنی بەشی کوردیی رادیۆی سوێدە و دادەخرێت، لەو لینکەشی کە بۆ پشتیوانی لە مانەوەی تەرخانکرابوو، تەنیا 500 کەس پشتگیرییان بۆ رادیۆکە نیشاندابوو، دەرهێنەرێکی کوردی رادیۆکەش دەڵێت "کارمەندانی بەشی کوردی بەسەر بەشەکانی دیکەی رادیۆکە دابەش دەکرێن."
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024) دوایین رۆژی کارکردنی کارمەندانی بەشی کوردیی رادیۆی سوێدە، ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسانی رادیۆکە بڕیاریان دابوو رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەشەکە بەتەواوەتی دابخرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی رۆژی هەینی و دووشەممە لە بەشێک لە دامەزراوەکان پشووە، بۆیە ئەمڕۆ دوا رۆژی کارکردنی کارمەندانی بەشەکە دەبێت.
 
نیشتمان ئێراندۆست، دەرهێنەرێکی کوردی رادیۆکەیە، ماوەی چەند ساڵێکە لە بەشی کوردی رادیۆکە کاردەکات، بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ کۆتا رۆژی کارکردنی ئێمە دەبێت لە بەشی کوردیی رادیۆکە، دوای داخستنی بەسەر بەشەکاندا دابەش دەبین."
 
ئەو، دەشڵێت بڕیارەکە نیگەرانی کردوون، چونکە "جگە لە بابەتە گشتییەکان، بۆ پرسی زمانی کوردی و گەیاندنی هەواڵ و زانیاری لە رێگەی ئەوانەوە کە میدیایەکی خزمەتگوزاریی گشتییە، بەشەکە رۆڵی ئەرێنی هەبووە."
 
نیشتمان ئێراندۆست ئاماژەی بەوە دا لەپاش داخستنەکەی، زۆر مامۆستای زمانی کوردی پەیوەندییان پێوەکردوون و ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە بۆ وانەوتنەوە کەڵکیان لە رادیۆکە وەرگرتووە، بەتایبەت بۆ ئەوەی لەرێگەی هەواڵ و راپۆرتەکانییانەوە منداڵەکان سوێد بناسن و بە زمانی کوردی گوێیان لە هەواڵەکان بێت.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخستنی رادیۆکە، ژمارەیەک چالاکوانی کورد لەرێگەی لینکێکەوە داوای پشتگیرییان لە کوردانی سوێد و جیهان و سوێدییەکانیش کردبوو بۆ مانەوەی بەشەکە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی نێو لینکەکە ژمارەی ئەو کەسانەی پشتیوانییان لە مانەوەی بەشەکە کردووە، تەنیا 489 کەس بوون.
 
ئەو هەڵمەتەی چوار چالاکوانی کورد لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بۆ پەشیمانکردنەوەی بەرپرسانی رادیۆی سوێد و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داخستنی بەشی کوردیی رادیۆکە دەستیانپێکرد، بە ناونیشانی "بەشی کوردیی رادیۆی سوێد دامەخەن!"ـبوو و لەرێگەیەوە نامەیەکیان بۆ "سەرکردایەتی و بڕیاردەرانی رادیۆی سوێد" داڕشتبوو کە لەڕێگەی ئیمێڵەوە بۆیان دەچێت.  
 
لە داواکارییەکەدا هاتووە، "بەشی کوردیی رادیۆ سوێد رۆڵێکی فرەگرنگی لە خۆگونجاندن و تێکەڵاوکردنی کەسانی تازە هاتووی کورد زمان هەبووە، ئیزن بدەن بەشی کوردی بمێنێتەوە.‎" 
 
بەشی کوردیی رادیۆکە تاکە بەش نییە کە کۆتایی ئەم مانگەی بۆ دیاریکراوە بۆ داخستن، پاساوی بەرپرسانی رادیۆکەش بۆ داخستنەکە ئەوەیە لە چوارچێوەی "کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کورتهێنانی بودجە"ـدا دێت، کە دەڵێت ژمارەیەک بڕیاریان دەرکردووە لەنێویاندا داخستنی بەشی کوردیی رادیۆکە، کە لەساڵی 2001ـەوە دامەزراوە.
 
رادیۆکە بە شێوەزارەکانی "سۆرانی، کورمانجی" هەواڵ و بەرنامەکانی پەخش و بڵاودەکاتەوە، چوار کارمەندی هەمیشەیی و ژمارەیەک هاوکاری هەیە، کە کۆی گشتی کارمەندانی دەگاتە 8 کەس.
 
لەنێو کوردانی سوێد بۆچوون هەیە گوایە بەشی کوردی رادیۆکە لەسەر داوا و بە گوشار لەلایەن تورکیاوە داخراوە، وەکو پێشمەرجێک بۆ رازی بوون بە بوونە ئەندامی سوێد لە هاوپەیمانی ناتۆ، بەتایبەت پێشتریش بەرپرسانی تورکیا گوتوویانە گوایە ژمارەیەک لە لایەنگرانی پەکەکە لەو رادیۆیەدا کاردەکەن، بەڵام ئەمە هێشتا لەلایەن بەرپرسانی سوێد و رادیۆکەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە.
 
رۆژی 23-12-2023، لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەندامیێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاندبوو، "دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێکهاتەی مانگی سووری کوردی لە سوێد، کە سەرمایە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی کۆدەکاتەوە، پێشهاتێکی ئەرێنییە و چالاکییەکانیان لە سوێد وەستێندراوە."
 
رادیۆی سوێد بە 14 زمان هەواڵ و بەرنامەکانی پەخش دەکات، لەوانە ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، رووسی، سۆماڵی، رۆمانی، کوردی (سۆرانی و کورمانجی).
 
زمانی کوردی لە رادیۆکە لە ساڵی 2016ـەوە بووەتە رادیۆیەکی دیجیتاڵی و لەسەر تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا چالاک بووە و رۆژانە راپۆرت و هەواڵی هەیە.