رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی "مێسیی بەغدا" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد،لە دوای بەدەستهێنانی دوو خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا، لە دوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا لە سوێد و نەرویج لە بەشی کێبڕکێدا بەشدار دەبێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەشی پێشبڕکێی 14ـەیەمین فێستیڤاڵی مالمۆ بۆ سینەمای عەرەبی لە سوێد بەشدارە کە بە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی عەرەبی لە ئەوروپا دەناسرێت، چالاکییەکانی لە 22 تاوەکو 28ـی نیسانی 2024 لە شاری مالمۆی سوێد بەڕێوەدەچێت.
هەروەها "مێسیی بەغدا" لە 27ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کریستیانساند بۆ فیلمی منداڵان بەشدارە کە بە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلم لە نەرویج دەناسرێت و چالاکییەکانی 22 بۆ 27ـی نیسانی 2024 بەڕێوەدەچێت.
بەم دواییە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و بەغدا نمایشکرا، پێشتر چەند خەڵاتێکی بەدەستهێناوە، ئەویش لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئارپا" لە هۆلیوود لە ئەمریکا، بۆ باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ.
دوو خەڵاتی دیکەی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا، بۆ باشترین ئەکتەری ژن و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ بەدەستهێناوە، هەروەها خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "Schlingel" لە ئەڵمانیا و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە 10ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەدەستهێناوە.
فیلمەکە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە، لەوانە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای و بەربژێری سێ خەڵات بوو.
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
کورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.
ئەم بەرهەمە باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو دەرهێنەرە کوردە بە بەڵگەفیلمی "جوانی شاراوەی عێراق" خەڵاتی خەنجەری زێڕین وەک باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مەسقەت بەدەستهێنا.
11یەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 3-7ـی ئازاری 2024 لە مەسقەتی عومان بەڕێوەچوو و 20 خەڵات لە بەش جۆراوجۆرەکانی دابەشکران.
بەڵگەفیلمەکە براوەی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردییە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، هەروەها لە دەستپێکی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دۆکڤێلا پێشاندرا کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم لە بەلجیکا دەناسرێت، جگە لە بەشداربوونی لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەدا.
"جوانی شاراوەی عێراق" لەبارەی لەتیف عانی، فۆتۆگرافەری عێراقییە و بەشێکی زۆری دیمەنەکانی لە باشووری کوردستان وێنەگیراون و براوەی چەند خەڵاتێکە، تێیدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی، لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندیی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ