گوڵستان پەروەر: چیدی گۆرانی ناڵێم

28-03-2018
هیڤیدار زانا
هیڤیدار زانا @hevidarzana1
نیشانەکردن گوڵستان پەروەر
A+ A-

بەشی شانزەهەم و كۆتایی
رووداو - هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە.

گوڵستان پەروەر لەدوایین بەشی ئەم هەڤپەیڤینەدا دەڵێت بەیەكجاری وازی لە گۆرانیگوتن هێناوە و ئێستا پرۆژەیەكی بەدەستەوەیە گۆرانییە كۆنەكانی نوێ‌ بكاتەوە.

رووداو: بەرنامەكەت بەهۆی سیزنی نوێی رووداو كۆتایی هات. ئایا بەرنامەكە بە یەكجاری وەستا؟ تۆ بە یەكجاری وازت لە كاری هونەری هێناوە؟

گوڵستان: چیدی نامەوێ‌ گۆرانی بڵێم. بەڵام پرۆژەیەكم هەیە هەموو گۆرانییە كۆنەكانم تۆمار بكەمەوە. زۆر هونەرمەندی دیكە ئەو كارەیان كردووە، چونكە تەكنیكی تۆماركردنی گۆرانی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. دەمەوێ‌ هەڵبژاردەیەك لە گۆرانییەكانم نوێ‌ بكەمەوە، بە تایبەتی ئەو گۆرانیانەی لە نێو خەڵك دەنگدانەوەیان هەبووە.

رووداو: پرۆژەكە ئەوەیە كە بە تەنیا خۆت تۆماریان بكەی، یان هەر گۆرانییەك هونەرمەندێك بیڵێتەوە؟

گوڵستان: ئەوەم پێخۆشە. پێشتر كارێكی لەو شێوەیەمان بۆ ئارام تیگران كرد، منیش گۆرانییەكی ئەوم گوتەوە. بەڵام ئەوە دەبێ‌ كۆمپانیایەك بیكات و هونەرمەندەكان هەڵبژێرێ‌. لە ئەلبوومەكەی ئارام زۆر هونەرمەند بەشدارییان كرد.

رووداو: بەڵام زۆر گۆرانیی تۆش لەلایەن هونەرمەندانەوە گوتراونەتەوە..

گوڵستان: بەڵێ‌ بێگومان، هەتا ئێستاش. زۆر تەلەفزیۆنی لۆكاڵ لە باكووری كوردستان هەن بەرنامە بۆ گۆرانیبێژان دەكەن، من وای دەبینم ئەوانەی ئێستا دەبنە گۆرانیبێژ بە رێگەی ئێمە دەستپێدەكەن و گۆرانییەكانی ئێمە دەڵێنەوە. گۆرانییەكانی ئێمە ئێستاش بازاڕیان هەیە. گۆرانیی نوێشم هەن، ویستم بیانكەم بە ئەلبوومێك، بەڵام تاوەكو ئێستا كەسێكم بەدڵ نەبووە كاری لەگەڵ بكەم، لە باكوور كارەكە زۆر بازرگانی و توركییە، لە باشووریش زیاتر ئەرەبێسكە. كەسێكی وا نادۆزمەوە بۆنی كوردایەتی لێبێ‌ بۆ ئەوەی گۆرانییەكانی خۆمی پێ نۆژەن بكەمەوە.  

رووداو: لەو ماوەیەدا تۆ بووی بە خەسوو، تۆ حەزت دەكرد بووكەكەت كوردبێ‌، بووكەكەت خەڵكی كوێیە، چۆنە؟ 

گوڵستان: بەڵێ‌، سەرخۆبوون و بووكەكەم 10 ساڵ لەمەوبەر یەكدییان ناسیوە. بووكەكەم باوكی ئەڵمانی و دایكیشی هەنگارییە. هەنگاری كەمێك لەئێمەوە نزیكن. بووكەكەم هاتە ئێرە، ماوەی سێ‌ ساڵ لە قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر مامۆستایەتی كرد. زۆر حەزی لە كوردستان بوو، عادەت و كولتوور و زمان و وڵاتی ئێمەی بە هەموو جۆرێك قبوڵ كرد. پاشان بڕیاریان دا هاوسەرگیری بكەن، ساڵی رابردوو لە فرانكفۆرت ئاهەنگمان بۆ كردن. 

رووداو: بۆچی ئاهەنگەكەتان لە كوردستان نەكرد؟

گوڵستان: لەبەر ئەوەی ئەوكات شەڕی داعش هەبوو، پێشمەرگە شەهیدی دەدا، خەڵك خەمبار بوو. دڵمان نەهات لەو كاتەدا ئاهەنگ بكەین. ئەوان بڕیاریان دا كە ئاهەنگێكی بچووك بكەن. هەردوولا بانگی كەسوكاری خۆمان و دۆستەكانمان كرد. 

رووداو: هیچ نەوەیەك لە رێگایە؟

گوڵستان: نەخێر چاوەڕێی هەواڵێكی وایان لێدەكەم. هیوادارم خەبەری خێرم بدەنێ‌.

رووداو: چ پرۆژەیەكی نوێت هەیە؟

گوڵستان: مرۆڤ بێ‌ هیوا نابێ‌. لە ئەوروپا زۆر چالاك بووین و بەردەوام خەریكی كار بووین، بەڵام لێرە بە ئاسوودەیی دەژین. مرۆڤی وەكوو ئێمە بە خزمەت گەنج دەبێتەوە، شتێك لە دڵی مندایە كە خزمەت بكەم، جا بە چ شێوەیەك بێ‌ نازانم ئایا بە میوزیك دەبێ‌ یان بە پێشكەشكردنی بەرنامە. 

رووداو: ئێستا لە كوردستان دەژی، بڕیارت نەداوە بچی لە شوێنێكی دیكە بژی؟

گوڵستان: نەخێر، من كۆتاییم بە ژیانی ئەوروپا هێناوە. ئەگەر ئێستاش بچمە ئەوێ‌ بێ‌ ماڵ و حاڵم. هاتووم لە كوردستان نیشتەجێ‌ ببم. ئەگەر برسی بم لەگەڵ ئەوان برسی بم، ئەگەر مردن بوو لەناو ئەوان بمرم. ئەگەر ئەوان تازیەبار بوون، منیش تازیەبار بم. من هەتا مردن لەگەڵیانم.

رووداو: هونەرمەندان دەڵێن هەموو گۆرانییەكانمان لەلا شیرینن، بێگومان لەلای تۆش وایە، بەڵام كام لە گۆرانییەكانت بەلاوە زۆر شیرینە؟

گوڵستان: چەند گۆرانییەكن زۆر حەزم لێكردوون و لە دڵەوە چڕیومن، لە كاسێتی یەكەمم، گۆرانیی كوردستانێ‌ كوردستان، چونكە ناوی كوردستان قەدەغە بوو. هەروەها گۆرانیی دەلال.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە