لاساییکردنەوەی فیلمەکانی هۆلیوود لە سینەمای میسریدا

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی پێگەی بەهێزی سینەمای هۆلیوود، کاریگەری لەسەر سینەمای جیهان هەبووە و بەشێک لە فیلمسازانی وڵاتان، هەوڵی گواستنەوەی چیرۆک و تەکنیکی هۆلیوود و جیهان بۆ نێو فیلمەکانیان دەدەن.
 
ئەوەی هۆگری سینەمای میسری بێت، بێگومان فیلمی 'صغیرة علی الحب' (بچووکە بۆ خۆشەویستی) بینیوە کە روشدی ئەبازە و سوعاد حوسنی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن و یەکێکە لەو بەرهەمانەی سینەمای میسری شانازی پێوە دەکات.
 
ئەم بەرهەمە لە 1966 بڵاوکراوەتەوە و لە دەرهێنانی نیازی مستەفایە و چیرۆکەکەی لە بەرهەمێکی شانۆیی ئێدلەر جۆنسن وەرگیراوە کە هەمان چیرۆک پێشتر لە فیلمی 'Too Young to Kiss?' بەکارهاتووە.
 
چیرۆکەکە پێشتر لە فیلمی 'Too Young to Kiss?'  (زۆر گەنجە بۆ ماچکردن؟) وەرگیراوە کە لە 1951 بڵاوکراوەتەوە و داهاتی لە سینەماکان یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بووە، رۆبێرت زێد. لیۆنارد، کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و فیلمەکە خەڵاتی گۆڵدن گلۆبی بۆ باشترین ئەکتەر بەدەستهێناوە.
 
چیرۆکی فیلمە میسرییەکە؛ لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و رۆمانسییەکانە، باس لە کچێکی گەنج دەکات کە دەستگیرانداری پیاوێکی قەڵەوە و تەنیا بیر لە خواردن دەکاتەوە، لە دوای ئەوەی دەرهێنەرێکی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی پێشبڕکێیەکی بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەرێکی دەنگخۆش رادەگەیێنێت، ئەو کچە بەشدار دەبێت و وا خۆی دەردەخات کە تەمەنی؛ لە تەمەنی راستەقینەی خۆی بچووکترە، بەهۆی جوانی و دەنگخۆشییەکەیەوە بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمەکە هەڵدەبژێردرێت، دواتر لەگەڵ دەرهێنەرەکە دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکدییەوە.
 
فیلمە هۆلیوودییەکە، باس لە کچێکی پیانۆژەن دەکات و وا خۆی پێشان دەدات کە تەمەنی بچووکە بۆ ئەوەی بتوانێت وەک ژەنیارێک لە ئاهەنگەكیدا پیاونۆ بژەنێت.
 
جگە لەم بەرهەمە سینەماییە، سینەمای میسری چیرۆک و بیرۆکەی لە چەندین فیلمی هۆلیوود و جیهان وەرگرتووە، لەوانە فیلمی 'طیر انت' (تۆ بفڕە) لە فیلمی هۆلیوودی 'Bedazzled' و فیلمی 'حلاوة روح' (جوانی رووح) کە هەیفا وەهبی، ئەکتەری لوبنانی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و چیرۆکەکەی لە فیلمی 'Malena' وەرگیراوە کە مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ئیتاڵی ئەکتەری سەرەکییەتی.
 
'صنع في مصر' (لە میسر دروستکراوە) یەکێکی دیکە لەو فیلمە میسریانەیە کە چیرۆکەکەی لە فیلمی 'Ted' وەرگیراوە و ئەحمەد حیلمی، ئەکتەری کۆمێدی میسری رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێرێت.
 
'أمير الظلام' (شازادەی تاریکی) یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی عادل ئیمامە و لە 2002 بەرهەمهاتووە و چیرۆکەکەی لە فیلمی 'Scent of a Woman' وەرگیراوە، چیرۆکی فیلمە ئەمریکییەکە، باس لە دوو سەربازی پێشووی دەکات کە بیناییان لەدەستداوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەوەی لە سەرکێشیکردن لە ژیان بەردەوام بن، بۆ نموونە یەکێکیان بە نابینایی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، ئەوەی دیکەشیان فرۆکەیەک دەفڕێنێت.
 
ئەم بەرهەمەی هۆلیوود لە 1992 بەرهەمهاتووە و خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەر بەدەستهێنا و ئال پاچینۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.