لە رۆژهەڵاتی کوردستان چیرۆکێکی ئەنفال دەکرێتە فیلم

28-02-2023
پەسار فایەق
کاتی وێنەگرتنی فیلمی 'گەڕانەوە'
کاتی وێنەگرتنی فیلمی 'گەڕانەوە'
نیشانەکردن محەممەد دەروێشی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'گەڕانەوە' فیلمێکی 35 خولەکییە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت و لەبارەی یەکێک لە چیرۆکەکانی ئەنفال بەهەم دێت و محەممەد دەروێشی کاری دەرهێنانی بۆی کردووە.
 
دەروێشی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەر لە مانگێک کاری وێنەگرتنی 'گەڕانەوە' دەستیپێکرد و ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە و بۆ فێستیڤاڵە سینەماییەکان دەنێردرێت.
 
رووداوەکانی فیلمەکە لە کەمپی بەهرام ئاباد روودەدەن کە دەکەوێتە گوندی دزڵی و سەر بە سەوڵاوی رۆژهەڵاتی کوردستانە و کاتی خۆی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە تێیدا بوونە، یەکێک لەوانە کچێکی کوردە کە بەهۆی ئەنفالەوە تەواوی ماڵباتەکەی لەدەستداوە و ماڵباتێکی دیکە بەخێوی دەکەن، ئەو کچە خەونی گەورەی چوونە دەرەوەیە لە کەمپ بۆ ئەوەی بەدوای ئەندامانی ماڵباتەکەیدا بگەڕێت. 
 
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی چیرۆکەکە بۆ فیلمەکەی، دەروێشی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، زۆر سەردانی کەمپەکانی کردووە و سەختی ژیانی دانیشتوانی کەمپەکانی بینیوە و کاتێک خۆی خستووەتە جێگەی ئەوان، هەستێکی زۆر ناخۆشی بووە. 
 
لەم بەرهەمەدا هەریەک لە فەرشید گەوێڵی، ئازادە گەوێڵی، دنیا کەرەم وەیسە، ئەڵڵا موارد رەشتیانی، هەستی رەسووڵی و ئاراد مورادی رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
روونیشیکردەوە، خەڵکی گوندی دزڵی لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە زۆر هاوکاریان بوونە و گوتیشی، هیچ پشتیوانێکیان بۆ بەرهەمهێنانی فیلم نییە و بە هەوڵی تاکە کەسی کارەکانیان دەکەن و تاوەکو ئێستا شەش فیلمی بەم شێوەیە بەرهەمهێناوە.
 
کاری بەرهەمهێنانی فیلمەکە لە ئەستۆی سەڵاح هادییە و کاری دەنگی لەلایەن نیعمەت نارنجی دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە