بەڵگەفیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی بیگ سکای خەڵات دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کورتە بەڵگەفیلمی 'دارتاش' لە دەرهێنانی خەلیل سەحراگەرد، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 20مین فێستیڤاڵی فیلمی بیگ سکای لە مۆنتانیا ئەمریکا خەڵاتکرا.
خەلیل سەحراگەرد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کورتە بەڵگەفیلمی 'دارتاش' خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەدەستهێنا و دوێنێ دووشەممە 27ـی شوباتی 2023 خەڵاتەکە لە رێوڕەسمێکدا بەخشرا.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن ئەکادیمیای ئۆسکار باوەڕپێکراوە، بۆیە براوەی فێستیڤاڵەکە دەچێتە لیستی درێژی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین بەڵگەفیلم.
سەحراگەرد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە سێ بەشی پێشبڕکێی لەخۆگرتبووە و ئەو توانی لە بەشی بەڵگەفیلمی کورت خەڵاتی یەکەم بەدەستبێنێت. گوتیشی: "یەکەمجارە لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان، فیلمی کوردی خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵەکە بەدەستبێنێت".
بەڵگەفیلمی 'دارتاش' لەلایەن کۆمپانیای رێتاو بۆ بڵاوکردنەوەی فیلم بڵاودەکرێتەوە و تاوەکو ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە.