فیلمێکی نوێ لیۆناردۆ دیکاپریۆ و مارتن سکورسێزی کۆدەکاتەوە

28-01-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن لیۆناردۆ دیکاپریۆ مارتن سکورسێزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"The Devil in the White City" پڕۆژەیەکی نوێی سینەماییە و حەوتەمین کاری هاوبەشی مارتن سکورسێزی، دەرهێنەری ئەمریکیی 82 ساڵی و لیۆناردۆ دیکاپریۆ، ئەکتەری ئەمریکیی 50 ساڵییە.
 
چیرۆکی فیلمەکە لە رۆمانێکی پڕفرۆش بەهەمان ناو وەرگیراوە و لە نووسینی ئیریک لارسنە و لە 2004 بڵاوکراوەتەوە، دیکاپریۆ لە 2010 مافی رۆمانەکەی بۆ بەرهەمهێنانی فیلم کڕیوەتەوە.
 
بڕیارە دیکاپریۆ و سکورسێزی لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا بەشداربن و کۆمپانیای "20th Century Studios" هاتووەتە نێو بەرهەمهێنانی پڕۆژەکەوە.
 
پڕۆژەی فیلمەکە لە قۆناخی سەرەتادایە و هێشتا سیناریۆکەی ئامادە نەکراوە.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە پزیشکێک بەناوی "هۆڵمز" دەکات کە بە یەکێک لە ترسناکترین بکوژ لە مێژووی ئەمریکا دا دەناسرێت، باس لەوە دەکرێت 200 تاوانی کوشتنی لە ژوورێکی ترسناکدا ئەنجام دابێت.
 
ئەو پڕۆژە هاوبەشەی سکورسێزی و دیکاپریۆ، لە دوای چەند کاری هاوبەشی سەرکەوتوویان لە سینەما دا دێت، یەکەمیان لە فیلمی "Gangs of New York" لە 2002 بوو، دواتر لە فیلمی "The Aviator" لە 2004 درێژەی پێدرا کە باس لە ژیانی بازرگانێکی ئەمریکی دەکات و بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکار، دوای دوو ساڵ؛ لە فیلمی "The Departed"ـە درێژە بە هاوکارییەکانی نێوانیان درایەوە.
 
کاری هاوبەشی ئەو دوو هونەرمەندە بەردەوام بوو و لە 2010 لە رێگەی فیلمی "Shutter Island" و لە 2013 لە رێگەی فیلمی "The Wolf of Wall Street". 
 
دوایین فیلمی هاوبەشی ئەو دوو ئەستێرەی هۆلیوود، فیلمی "Killers of the Flower Moon"ـە لە 2023، ناوەڕۆکی وەک زۆربەی فیلمەکانی سکورسێزی، باس لە کوشتن و تووندوتیژی دەکات و چیرۆکێکی راستەقینەی هەیە.
 

لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە فیلمی "Killers of the Flower Moon" لە دەرهێنانی مارتن سکورسێزی

"Killers of the Flower Moon" باس لە زنجیرەیەک تاوانی کوشتن لە ئۆکلاهۆمای ئەمریکا لە بیستەکانی سەدەی رابردوو دەکات، ئامانجیش بەدەستهێنانی زێڕ و سامانە.
 
ماوەی فیلمەکە 156 خولەکە، بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، جگە لە بڵاوکردنەوەی لە پلاتفۆڕمی ئەپڵ تیڤی پڵەس، بەشێوەیەکی سنووردار لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندراوە و 158 ملیۆن و 764 هەزار دۆلاری بەدەستهێنا.
 
لیۆناردۆ دیکاپریۆ، یەکێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود و جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، تاوەکو 2019، داهاتی فیلمەکانی گەیشتبووە حەوت ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، هەشت جار ناوی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی ساڵانەی ئەو ئەکتەرانەدا هاتووە کە زۆرترین کرێیان لە بەرامبەر رۆڵگێڕان لە فیلمدا وەرگرتووە.
 
مارتن سکۆرسێزی، دەرهێنەری ئەمریکی بە رەچەڵەک ئیتاڵی، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانەش یەک خەڵاتی ئۆسکار، چوار خەڵاتی بافتا، سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، سێ خەڵاتی ئێمی و خەڵاتێکی گرامی، جگە لە چەندین خەڵاتی دیکە.
 
ماستەری لە ئەدەب هەیە و لە 1967 کاری دەرهێنانی بۆ یەکەم فیلمی بەناوی " Who's That Knocking at My Door"ـە کردووە، لە رێگەیەوە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شیکاگۆ بەشداربووە. ناوەڕۆکی فیلمەکانی لە حەفتا و هەشتەکانی سەدەی رابردوو، رەنگدانەوەی کولتووری ئەمریکی و ئیتاڵییان لەسەر بووە. 
 
فیلمەکانی ئەو دەرهێنەرە بەوە ناسراون کە دیمەنەکانی جووڵەی خاو و چوارچێوەی جێگیریان هەیە، تووندوتیژی زۆر و جنێو و قسەی نا بەجێی زۆر لەخۆدەگرن. فیلمی "Mean Streets" کە لە 1973 کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، بە تەواوی شێوازی کارکردنی لە سینەمادا رانگیداوەتەوە.   
 

دیمەنێک لە فیلمی "Taxi Driver" لە دەرهێنانی مارتن سکورسێزی

یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو دەرهێنەرە جیهانییە کە بەهۆیەوە خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە فەرەنسا وەرگرت، فیلمی "Taxi Driver" بوو لە 1976، تێیدا رۆبێرت دینیرۆ، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی جەنگاوەرێکی دەروونئاڵۆزی ڤێتنامی گێڕاوە. بە گشتی ئەو دوو هونەرمەندە لە هەشت فیلمدا پێکەوە کاریان کردووە. 
 
سکورسێزی، جگە لە سینەما لە بواری دەرهێنانی تەلەڤزیۆنیش کاری کردووە، لەوانەش زنجیرەی "Boardwalk Empire" کە لە ماوەی 2010 تاوەکو 2014 پەخشکراوە، هەروەها زنجیرەی "Vinyl" لە 2016.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە