ئۆژین نەوزاد: باوەڕم نەدەكرد بەمشێوەیە بەناوبانگ بم

رووداو - هەولێر 

بە بەندێك بەناوی "ئەی خودا خەفەتبارم" لە دانیشتنێكدا ناوبانگی دەركرد، چەندین كەس لە رێگەی كەناڵەكانیانەوە لە یوتیوب بڵاویان كردووەتەوە و ملیۆنان كەس سەیریان كردووە. تێكستی سادە و لیریكی لە بەندەكانیدا بەكاردەهێنێ، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی ئاسان بچێتە نێو خەڵك و زوو لەبەر بكرێ. لە ماوەی رابردوودا كلیپێكی بڵاوكردەوە كە سەتان هەزار بینەری لە یوتیوب هەبووە. ئۆژین نەوزاد وەڵامی پرسیارەكانی هەفتەنامەی (رووداو) دەداتەوە.

رووداو: لە تەمەنێكی بچووكدا بەناوبانگ بوویت، پێتوابوو وا زوو بەناوبانگ بیت؟

ئۆژین نەوزاد: راستییەكەی نەخێر، بڕوام نەدەكرد بەمشێوەیە خێرا بەناوبانگ بم، كاتێك گۆرانی "ئەی خودا خەفەتبارم" بڵاوبووەوە و بەخێرایی ناسرا شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو بۆ من، بەڵام هەستێكی خۆشم هەیە ئێستا كە بەمشێوەیە بەناوبانگ بووم و كارەكانم سەركەوتوو بوون.

رووداو: ئەزموونت لەگەڵ ناوبانگدا نەبووە، ئێستا كە گەنجێكی بەناوبانگی، ئەزموونێكی چۆنە؟

ئۆژین نەوزاد: ناوبانگ بۆ من شتێكی نوێیە، بەڵام هەستێكی خۆشم هەیە.

رووداو: لە هەفتەكانی رابردوودا كلیپێكت بە ستایلێكی جیاواز بەناوی "ئەوینی تۆ" بڵاوكردەوە، ئەم گۆرانییەش سەركەوتنی باشی بەدەستهێنا، ئەم گۆرانییە چۆن دروستبوو؟

ئۆژین نەوزاد: من پێش ئەوەی بەند بڵێم پلانم هەبووە كە كلیپ و گۆرانیم بە ستایلی جیاواز هەبێت، بەڵام قسمەتەكە وابوو كە بە بەند بەناوبانگ بم، بۆیە لەسەر ئەم ستایلە بەردەوام دەبم و كاری لەسەر دەكەم.

رووداو: كەواتە بەنیاز نیت واز لە بەندگوتن بهێنی؟

ئۆژین نەوزاد: نەخێر واز لە بەند ناهێنم و بەردەوام دەبم، لەسەر هەردوو ستایل كار دەكەم، هەم گۆرانی بەشێوازی جیاواز، هەم دانیشتن و بەندگوتن.

رووداو: دەڵێن نرخی دانیشتن و گەعدەكانی تۆ زۆر گرانە، نرخی دانیشتنەكانت چەندە؟

ئۆژین نەوزاژ: سوپاس بۆ خودا، سوپاس بۆ هەوادارانم كە منیان بەدڵە و بۆ دانیشتنەكانیان من هەڵدەبژێرن، نرخی دانیشتەكانم جیاوازن، بەپێی كات و شوێن دەگۆڕێت.

رووداو: دەزانین بەپێی كات و شوێن دەگۆڕێت، دەمەوێت پێم بڵێی لە چەند دەستپێدەكات؟

ئۆژین نەوزاد: نرخی دانیشتنەكانم لە 700 دۆلارەوە دەستپێدەكات.

رووداو: هەواداری زۆرت هەن، لە ئینستاگرام نزیكەی نیو ملیۆن فۆڵۆوەرت هەن، وەڵامی نامەكان دەدەیتەوە؟

ئۆژین نەوزاد: نامەكان دەخوێنمەوە، گرنگییان پێدەدەم، بەڵام ناتوانم وەڵامی هەموویان بدەمەوە.

رووداو: ئەو نامانەی بۆت دێن چین؟ جوانترین نامە كامە بووە كە زۆر سەرنجی راكێشاوی و دڵخۆشی كردووی؟

ئۆژین نەوزاد: زۆرینەی نامەكان دەستخۆشین، هەموویان دڵخۆشم دەكەن، خەڵكێكی زۆر لە رێگەی سۆشیالمیدیاوە خۆشەویستی خۆیانم پێدەگەیەنن، ئەمە بۆ من جێگەی شانازییە.

رووداو: خەڵكێكی زۆر لە تەمەنت دەپرسن، تەمەنت چەندە؟

ئۆژین نەوزاد: من تەمەنم 23 ساڵە.

رووداو: خۆشەویستت هەیە؟

ئۆژین نەوزاد: نەخێر، خۆشەویستم نییە.

رووداو: خوێندنت تەواو كردووە؟

ئۆژین نەوزاد: نەخێر، تا پۆلی 12ی ئامادەییم خوێندووە، دواتر بەهۆی كاری تایبەتەوە وازم لە خوێندن هێناوە و دابڕاوم، ئێستا كردوومەتە مۆڵەت، بەڵام پلانم هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە خوێندن بكەمەوە، مەبەستمە خوێندن تەواو بكەم.

رووداو: ئەو زەحمەتییانە چین كە بەهۆی ناوبانگتەوە هاتوونەتە پێشت؟ یان رقت لە چ شتێكی ئەو ناوبانگەیە؟

ئۆژین نەوزاد: زەحمەتی لە هەر كارێكدا هەیە، بەڵام زۆر رقم لە ئیستیغلالكردنە، ئێمە زۆر جار لەلایەن هەوادارانمانەوە ئیستیغلال دەكرێین، من ئەمەم پێ خۆش نییە.