ئەکتەری سەرەکیی فیلمی 'Parasite' بە مردوویی لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دەدۆزرێتەوە

27-12-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Parasite' لی سۆن کیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لی سۆن کیۆن، ئەکتەری کۆریای باشوور کە لە فیلمی سینەمایی 'Parasite' رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و ئەم بەرهەمە براوەی خەڵاتی ئۆسکار، بە مردووی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە.
 
ئەو ئەکتەرە رۆژی چوارشەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە باکووری سیئۆلی کۆریای باشوور لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەمەش لە دوای چەند هەفتەیەک لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەبارەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن ئەو ئەکتەرە.
 
پۆلیسی ئەو شارە رایگەیاند، پێشتر ئاگادارکاربوونەوە کە ئەو ئەکتەرە تەمەن 48 ساڵە ونبووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەیان بڵاونەکردەوە، کە خۆی کوشتووە یاخود نا، چونکە لە بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکرێت کە خۆی کوشتبێت.
 
ئاژانسی یونهابی کۆریای باشوور بڵاویکردووەتەوە، ماڵباتی کیۆن رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە ماڵەوەی جێهێشتووە و نامەیەکی جێهێشتووە، هاوەشێوەی نامەی خۆکوشتن بێت.
 
لی سۆن کیۆن، لە 2020 بەهۆی فیلمی 'Parasite' ناوبانگی پەیداکرد و خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا و ئەم بەرهەمە سینەماییە؛ لە سێ بەشی دیکەدا خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە یەکەم فیلم بوو کە بە زمانی ئینگلیزی نەبێت و خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین فیلم وەربگرێت، هەروەها یەکەم فیلمی کۆریای باشوور بوو ئەو خەڵاتە بەدەستبێنێت.
  
لە فیلمەکەدا کیۆن رۆڵی باوك لە ماڵباتێکی دەوڵەمەند دەگێڕێت و لە هەمان ساڵدا خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشەی لەگەڵ ئەکتەرانی نێو فیلمەکە بە هاوبەشی وەرگرت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە