سینەماکاری کورد رامین محەممەد یار: دەبێ سینەما لە گوندەوە بهێنینە شار

27-10-2018
لیزا محەممەد
نیشانەکردن رامین محەممەد یار
A+ A-
رووداو- سلێمانی

سینەماکاری کورد رامین محەممەد یار کە لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە فیلمی (مانگ) بەشداریی کرد، رەخنە لە ئاستی سینەما دەگرێ لە کوردستان و دەڵێت فیلمی کوردی تەنیا لە دەوری ئەو بابەتانە دەخولێتەوە کە تایبەتن بە ژیانی گوند، بەوجۆرەش سینەمای کوردی رۆڵێکی خراپی بینیوە لە دروستکردنی ئەو وێنایەی کە غەیرەکورد بۆ کوردیان هەیە.

رامین لەدایکبووی ساڵی 1994ی سەردەشتە و ئێستا ماستەر دەخوێنێ لە بواری فیلمی بەڵگەنامەیی. لە پەراوێزی فێستیڤاڵی ئەمجارەی فیلمی سلێمانیدا و لە گفتوگۆیەکی کورتدا لەگەڵ (رووداو) باسی کەموکووڕییەکانی سینەمای کوردی کرد کە تائێستا نەپەرژاوەتە سەر کێشەکانی ئەمڕۆی ئینسانی کوردی شارنشین و تەنیا لە دەوروبەری ئەو بابەتانە دەخولێنەوە کە پەیوەندیدارن بە ژیانی گوند و سروشت. 

لەوبارەوە گوتی: "دەستپێکردنی من بە کاری سینەما و فیلمسازی لەژێر کاریگەریی بەهمەن قوبادی بوو، بەڵام دواتر کە چوومە زانکۆ و فیلمە بیانییەکانم بینین و فێستیڤاڵەکانم بینین، زۆرم پێناخۆشبوو کە فیلمەکانی ئێمە هەر دەبێت شاخی تێدابێت، کانی و گوندی تێدابێت، ئەمانە زۆر کراون ئیتر وابزانم بەسە و لێرەدا دەبێت واز لەوانە بهێنین".

 رامین دەڵێت: "فیلم ئاوێنەی هەر کۆمەڵگایەکە، با ئێمە پرسی کورد لەناو فیلمدا تاوتوێ بکەین.. با بێین کێشەی تاک لەناو شاردا و پەیوەندیی تاکەکان تاوتوێ بکەین. دەبێت لەناو شار فیلم دروستبکەین، با چیرۆکەکەمان دوو پیاوی ناو بازار بێت، دکتۆرێک بێت ، کەسێک کە مامۆستایە.. کاتێک لە تاران بووم، هاوڕێیەکی فارسم هەبوو دەیگوت: بەرلەوەی تۆ بناسم وامدەزانی کورد هەموو بە شاخەوەن و هەموویان نەخوێندەوارن. راست دەکات و مافی خۆیەتی، چونکە هەرئەوەی دیوە، منیش ئەفغانستان لەڕێی فیلمەکانیانەوە دەبینم، چونک نەچوومەتە ئەوێ".

رامین تووڕەیە لەوەش کە سینەمای کوردی تەنیا خەریکی لاوازنیشاندانی کورد و نمایشکردنی بووە وەکو قوربانی و زوڵملێکراو. ئەو دەڵێت سینەماکارانی کورد نەیانتوانیوە گەلی کورد وەکوو گەلێکی خاوەن ئیرادە و ڕا نیشان بدەن "هەمیشە کەسێک بووین کە بەڵامان بەسەردا هاتووە، با لەوە دەرچین کەسێک زوڵمی لێ کراوە و کەسێک زاڵمە".

بەڕای ئەو، ئیتر ئەو جۆرە فیلمانە بینەریان نییە و دەبنە مایەی بێزاری "من وەک ئەوەی کارم دەرهێنانە، فیلمی باش یان خراپ دەبینم، بەڵام کەسێک لەناو بازاڕ کاردەکات، ناچێتە سینەما بۆ بینینی فیلمێکی بیزارکەر، ئەو بەدوای فیلمێکی باشدا دەگەڕێت، هەمیشە دەڵێم هونەر لەپێش خەڵکە، هونەر دەبێت خەڵک بە ئاراستەیەکی دروست ببات، نەک خەڵک داوا بکەن هونەر چییان بۆ بکات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە