بەرهەمێکی رووداو خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە هۆلیوود بەدەستهێنا

27-06-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"مستەفا پاشای یاموڵکی تێکۆشەرێک لە پێناو دادپەروەری" کە بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی برایتلایت لە هۆلیوودی ئەمریکا، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەدەستهێنا.
 
ساڵانە زیاتر لە 500 فیلمی درێژ، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ فێستیڤاڵەکە دەنێردرێت. سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە ساڵانە لەلایەن فیلمسازانی ناسراوی ئەمریکا و جیهان بەڕێوەدەبرێن.
 
ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە دابینکردنی ژینگەیەکە کە دوور بێت لە پەیوەندییەکانی پشت پەردە و مانۆڕی سیاسی، ئەمەش پەرەپێدانی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە لە نێوان سینەماکارانی جیهاندا بەرهەمدێنێت. فیلمەکان تەنیا لەسەر بنەمای پێوەرە سینەماییەکان هەڵدەبژێردرێن، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە براوەکان تەنیا لەسەر شایستەیی فیلمسازییان هەڵدەبژێردرێن.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمەکان لە دوو پۆلی جیاواز خەڵات دەکرێن، پۆلە سەرەکییەکان خەڵات بە باشترین کورتە فیلم، باشترین ئەنیمەیشن، باشترین فیلمی درێژ، باشترین بەڵگەفیلم و باشترین فیلمی خوێندکاران دەبەخشێت. لە پۆلە لاوەکییەکان، خەڵات بە باشترین دەرهێنەر، باشترین وێنەگرتن، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ژن دەبەخشرێت.
 
پێنج بەڵگەفیلم بەربژێری خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵەکە بوون، چوار فیلمیان بەرهەمی ئەمریکا بوون و "مستەفا پاشا یا موڵکی" تاکە فیلمی بەربژیری خەڵاتەکە بوو کە بەرهەمی ئەو وڵاتە نەبێت.
 
"مستەفا پاشای یاموڵکی تێکۆشەرێک لە پێناو دادپەروەری" بەڵگەفیلمێکی کوردییە و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە و لە دەرهێنانی هۆرێن غەریب و هەردی قادرە لە ماوەی یەک ساڵدا لە دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە و 30 خەڵاتی بەدەستهێناوە.
 
فیلمەکە باس لە مستەفا پاشای یاموڵکی دەکات کاتێک دەبێتە ئەندام و دواتر سەرۆکی دادگەی باڵای یەکی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ئیستەنبووڵ، "بوێرانە" دەست بۆ ئەو کەیسانە دەبات کە دەستیان لە دۆسیەی جینۆسایدی گەلی ئەرمەندا هەبووە و دەیانهێنێتە بەردەم دادگە و سزایان دەدات.
 
ئەو بەڵگەنامانەی لەو دادگەیەدا دەستدەکەون، لەگەڵ قسەی شایەتحاڵەکاندا، یاموڵکی، هەمووی دەپارێزێت و بە مۆری دادگەوە دەیگەێنێتە پاتریاکی ئەرمەنی لە ئیستەنبووڵ، دواتریش دەبن بە بەڵگەی بەهێز و گرنگ لەبارەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان.
 
ئەم بەرهەمە لەو 30 خەڵاتەی بەدەستیهێناون، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم و باشترین دەرهێنانن، لەوانەش خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی ڤێتنام و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆرۆساوا لە ژاپۆن کە بەم دواییە بەدەستی هێناون.
 
"مستەفا پاشای یاموڵکی تێکۆشەرێک لە پێناو دادپەروەری" لە 2023 بەرهەمهاتووە و لە ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەکان، لە 24ـی نیسانی هەمان ساڵ، یەکەم پێشاندانی تایبەتی لە کەنیسەی ئەرمەنەکان لە عەنکاوەی هەولێر بۆ کراوە.
 
مستەفا پاشای یاموڵکی، لە 1866 لە سلێمانی لە دایکبووە و لە 1936 لە بەغدا کۆچی دواییکردووە، سەرکردەی سوپای عوسمانی، رۆژنامەڤان و وەزیری پەروەردە بووە لە حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحموود.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە