رووداو دیجیتاڵ
ئەوانەی هەوادارای سروودی ئایینی و موناجاتن، بێگومان خەلیل شەکرالی، سروودبێژی ئایینی دەناسن، لە رەمەزانی 2022 لە بەرنامەی پاشیڤ؛ پێشبڕکێی موناجاتی لەخۆگرتبوو و لە پێشبڕکێیەکەدا شەکرالی توانی زۆرترین دەنگ بەدەستبێنێت و ببێتە براوەی پێشبڕکێیەکە و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمێکی بۆ بەرهەمهێناوە.
بەرهەمەکە بەناوی 'ئیلاهی'یە کە لە تێکستی خادمی شاعیرە و لە ئاوازی مەڕوان حەمەخورشیدە و ئارام سەردار کاری میوزیکی بۆ کردووە و کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن یوسف لەشکری، دەرهێنەر لە تۆڕی میدیایی رووداو کراوە.
کاری وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن ئارام عومەر کراوە و لە هەردوو مزگەوتی جەلیل خەیات و فیردەوس لە هەولێر کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و هەر ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023 لە کەناڵی یوتیوبی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
خەلیل شەکرالی، لە رێگەی رووداو سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە لە پێشبڕکێیەکەدا دەنگیان پێیدا و هۆکاری سەرکەوتنی ئەو بوون و سوپاسی رووداویشی کرد بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکلیپی 'ئیلاهی'.
خەلیل شەکرالی، سروودبێژی گەنج، خاوەنی چەند ڤیدیۆکلیپێکە، لە 2022 لە پێشبڕکێی 'موناجات'ـی بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربوو و لە رێگەی دەنگدانی هاونیشتمانییانەوە، توانی ببێتە براوەی پێشبڕکێیەکە و دیاریی بۆ براوە، بەرهەمهێنانی سروودێکی ئایینی و ڤیدیۆکلیپێک بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ