رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 8:00ـی ئەمشەو، لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی، شانۆگەری "ماڵی خۆشەویستی" لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 25مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ نمایشدەکرێت.
داستان بەرزان نووسەری بەرهەمە شانۆییەکەیە، پێشڕەو حوسێن دەرهێنەری بەرهەمەکەیە و لە نووسینیدا بەشداربووە و سۆران نەقشبەندی بەڕێوبەری بەرهەمەکەیە.
داستان بەرزان بە رووداوی گوت، "ئەم بەرهەمە شانۆییە لە یوبیلی زیوینی گەلاوێژ پێشکێشدەکرێت، هەریەک لە گۆران نامیق، رێژنە رزگار، گۆران محەممەد و گوڵان ساماڵ تێیدا بەشدارن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بەرهەمە باس لە خێزانی کورد لەو سەدەم مۆدێرنەدا دەکات، باس لەو لێکتێنەگەیشتنانە دەکات کە لە نێو خێزانی کوردا دروست دەبێت و ئەو گیروگرفتانەی دێنە پێشیان. هەروەها گوتیشی، هەر لەم بەرهەمەدا باس لە هاوڕێیەتی و نەبوونی راستگۆیی، درۆ و خیانەت لە عەشقدا دەکات و "جیاوازیی ئەم بەرهەمە لەگەڵ بەرهەمەکانی دیکە ئەوەیە کە باس لە واقیعی کۆمەڵگەی کوردی دەکات".
چالاکییەکانی 25مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە 25-5-2022 لە هۆڵی تەلاری هونەر دەستیپێکرد و تاوەکو 28 ئەم مانگە لە هۆڵی هوتێل رامادا لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکە دەکات.
مەلا بەختیار سەرپەرشتیارى گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژە، لیژنەى ئامادەکاریى پێکهاتووە لە سامى هادى، د. ئبتسام ئیسماعیل قادر، د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، تەڵعەت تاهیر و سیامەند هادی. سۆران نەقشبەندی بەڕێوەبەری هونەری و پەیوەندییەکانە.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ، لەلایەن بنکەی رۆشنبیری گەلاوێژ سازدەکرێت کە لە 1996 لە سلێمانی دامەزراوە، 25 ساڵە بەبێ دابڕان فیستیڤاڵەکە سازدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ