مادۆنا: لە تەمەنی 19 ساڵی دەستدرێژیم کرایە سەر

رووداو – ئاژانسەکان

ئەستێرە و گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمەریکی مادۆنا، بۆ یەکەمجار نهێنییەکی ژیانی خۆی باسدەکات و دەڵێت، لە تەمەنی 19 ساڵی رفێندراوم و دەستدرێژیم کراوەتەسەر، باس لەوەشدەکات کە تاکو ئێستا ئەم نهێنییەی بۆ هیچ کەسێک باسنەکردووە.

مادۆنا، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ کەناڵێکی ئاسمانی ئەمەریکی گوتی:" تەمەنم 19 ساڵ بوو، ئەو کات باوەڕم بەهەموو کەسێک دەکرد، ئەو کات بۆ ئەوەی فێری سەماکردن ببم چوومە ویلایەتی نیویۆڕک".

مادۆنا چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "گەنجێک داوای لێکردم بێتە ماڵەکەم و تەلەفۆن بۆ کەسێک بکات، بەبیانووی ئەوەی هیچ پارەیەکی پێنییە، گەنجێکی قۆز بوو، منیش رازیبووم، هاتە ماڵەکەم و بەپلان منی رفاند".

مادۆنا دەڵێت، گەنجەکە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر، پێشکەشکاری پڕۆگرامەکەش پرسی، ئایە سکاڵات تۆمارنەکرد لای پۆلیس؟، مادۆناش وەڵامیدایەوە، "نەخێر، سکاڵام تۆمارنەکرد، نەمدەویست ئەم رووداوە هیچ کەسێك پێی بزانێت، چونکە هەستم بە شەرمەزاری دەکرد".

مادۆنا، ئەستێرەو گۆرانیبێژی ئەمەریکی، لە ساڵی1958  لە ئەمەریکا لە دایکبووە، چەندینجار هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی 4 منداڵە، خاوەنی 13 ئەلبوومی گۆرانییەو بەشداری دەیان فیلمی سینەمایی کردووە.