رووداو هەڤپەیڤینێکی بڵاونەکراوەی هەژار موکریانی لە بەڵگەفیلمێکدا بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێک لەبارەی هەژار موکریانی بڵاودەکاتەوە و هەڤپەیڤینێکی بڵاونەکراوەی ئەو زمانزان و نووسەرە کوردە لەخۆدەگرێت.
بەڵگەفیلمی "هەژار" لە دەرهێنانی نەبەز ئەحمەد و بەرهەمهێنانی بەشی بەڵگەفیلمی رووداوە، ماوەکەی 48 خولەکە، کاژێر 21:00ـی هەینی 27ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە شاشەی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
هۆرێن غەریب، بەرپرسی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی فیلمەکە دەڵێت: "ژیانی مامۆستا هەژار و کارکردنی لە بوارە جیاوازەکانی وەک زمان، ئەدەب، وەرگێڕان، شیعر و شۆڕش، هێندە فراوانە؛ زۆر سەختە لە سنووری بەڵگەفیلمێکی 48 خولەکیدا یان بەڵگەفیلمی زیاتردا باس بکرێت و تیشک بخرێتە سەر تەواوی قۆناخەکانی ژیانی".
فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ژیانی سیاسی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتیی ئەو رووناکبیرە کوردە و پشت بە هەڤپەیڤینە بڵاونەکراوەکەی و کتێبی بیرەوەرییەکانی بەناوی "چێشتی مجێور" بەستراوە.
هەروەها کوڕەکەی خانی شەرەفکەندی، لە بەڵگەفیلمەکەدا قسەی کردووە و لە بەشێکیدا دەڵێت، باوکی داخی ئەوەی لە دڵدا بوو کە خوێندن دەبێت بە زمانی کوردی بێت و منداڵی کورد بە زمانی خۆی بخوێنێت.
هەروەها باس لە پەنابەربوونی دەکات لە بەغدا و ئەو سەختییەی بینیویەتی، دواتریش تووشبوونی بە نەخۆشی سیل دەکات کە بەهۆیەوە رووی لە لوبنان کردووە و چارەسەری بۆ کراوە. پاشان رووی کردووەتەوە سووریا و نزیکەی سێ ساڵ ماوەتەوە، هەروەها باس لە چوونی بۆ رووسیا دەکات.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەفیلمەکەدا باس لە پەیوەندیی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی کراوە.
لەم بەرهەمەدا جەبار جەمال غەریب، نووسەر و رۆماننووس، لەبارەی هەژار موکریانییەوە دەڵێت: "هیچ وەڕگێڕانێکی نەکردووە رۆحی خۆی تێدا جێنەهێشتبێت".
هەژار موکریانی لە هەڤپەیڤینەکەدا لەبارەی وەرگێڕانی کتێبی "قورئان" بۆ زمانی کوردی دەڵێت: "پێموابوو خزمەتێک بە کورد دەکات".
ناسرحیسامی، نووسەر و وەرگێڕ لەبارەی نیشتمانپەروەریی موکریانی دەڵێت: لە هەموو شتێک گرنگتر بەلایەوە باسی کورد و کوردستان بوو.
هەر لە نێو بەڵگەفیلمەکەدا، ماجید رۆحانی، نووسەر و لێکۆڵینڤان و سینەم خان بەدرخان، کچی میر جەلادەت بەدرخان بەشداربوونە و باسی کەسایەتی و بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە کوردەیان کردووە.
"هەنبانە بۆرینە" کە یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی هەژار موکریانییە، لە نێو فیلمەکەدا قسە و باسی زۆری هەڵگرتووە، جگە لە وەرگێڕانی کتێبی "شەرەفنامە"ـی بەدلیسی، "چوارێنەکانی خەییام" و "مەم و زین"ـی خانی.
ژیانی هەژار پڕ بووە لە هەوراز و نشێو و سەختی زۆری لە ژیانیدا بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتێکی گەورەی بە زمانی و وێژەی کوردی کردووە.
هەژار موکریانی لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە خوێندن کردووە لە حوجرەی مزگەوتەکانی مەهاباد و سەقز. لەوێ فێری زمانی عەرەبی و فارسی بووە، دواتر چەندین زمانی دیکە فێربووە. بەشداریی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان کردووە. لە سەردەمی کۆماردا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بواری رۆشنبیری و رۆژنامەڤانیدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی هەژار ئەوە بووە کە توانیویەتی زمانێکی سادە و رەوان لە نووسینەکانیدا بەکاربهێنێت. دیوانی "ئاڵەکۆک" کە یەکەمین کۆمەڵە شیعری هەژارە، وێنەیەکی راستەقینەی ژیان و خەباتی گەلی کوردە. هەروەها لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا "چێشتی مجێور" باسی ژیانی خۆی و رووداوە گرنگەکانی سەردەمەکەی کردووە و بە بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژوویی دەناسرێت.