نەوژین خالید 'کوردستان زۆن' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نەوژین خالید، ژەنیاری ئامێری ڤایۆلینە و بەرهەمێکی میوزیکی بەناوی 'کوردستان زۆن' ئامادەکردووە و بڕیارە لە یەک تراکی 48 خولەکیدا بڵاویبکاتەوە، جگە لە ژەنینی چەند بەرهەمێکی میوزیکی، بۆ یەکەمجار گۆرانیش دەڵێت.
 
نەوژین خالید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'کورستان زۆن' بەرهەمێکی میوزیکی 48 خولەکییە و هەر لە منداڵییەوە خەونی ئەوەی هەبووە کاتێک گەورە دەبێت، خزمەتی نیشتمانەکەی بکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ یەکەمجار دەستەواژەی 'کوردستان زۆن'ـی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بیستووە و بڕیاریدا بۆ ناونیشانی بەرهەمە نوێیەکەی بەکاری بێنێت.
 
روونیشیکردەوە، مرۆڤ پێویستە گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات، جگە لە ژەنینی ڤایۆلین، ئەمجارە کیبۆردی ژەنیوە و سیستەمی دی جەی بەکارهێناوە و بۆ یەکەمجار گۆرانی گوتووە، بەشێک لە ئاوازەکان بەرهەمی خۆیەتی و بەشێکی دیکەی دووبارە ژەنینەوەی چەند بەرهەمێکە.
 
نەوژین خالید، لەبارەی کەڤەرکردنی بەرهەمی هونەرمەندە جیهانییەکان، گوتی، بۆ کەڤەرکردنی هەر بەرهەمێک پەیوەندی بە خاوەن بەرهەمەکە دەکات و رەزامەندییان وەردەگرێت، دواتر کاریان لەسەر دەکات، چونکە ئەگەر ئەو کارە نەکات ناتوانێت لە یوتیوبی خۆی بڵاوی بکاتەوە.
 
نەوژین خالید پێشتر میوزیکی سێ گۆرانیی مۆندیالی لە یەک تراکدا کەڤەرکردووەتەوە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاویکردووەتەوە و لە هەرسێ گۆرانی 'Light The Sky'، 'Waka Waka' و 'The Cup of Life'  پێکهاتووە.
 
لە رەمەزانی رابردوودا، یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی ماهیر زەین، هونەرمەندی لوبنانی بەناوی 'رەمەزان' کەڤەرکردەوە.
 
پێشتر بەرهەمێکی دیکەی بەناوی 'Song from a Secret Garden' لەگەڵ بیتی، ژەنیاری پیانۆ بڵاوکردەوە، ئەویش کەڤەرکردنی یەکێک لە بەناوبانگترین پارچە میوزیکەکانە و بەرهەمی گرووپی 'Secret Garden'ـە و لەلایەن چەندین ژەنیاری جیهانی ژەنراوەتەوە.
 
بڕیارە 'کورستان زۆن' کاژێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر بڵاوبکرێتەوە و شێوازی بڵاوکردنەوەی جیاوازە، بەرهەمەکە لە رێگەی کارتێکەوە کە بارگۆدی یوتیوبی نەوژین خالیدی لەسەرە، بە واژۆی خۆی بڵاوی دەکاتەوە، کاژێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆش لە یوتیوب خۆی بڵاودەبێتەوە.