رووداو دیجیتاڵ
60مین رێوڕەسمی خەڵاتی ئەسپی زێڕینی لە بواری سینەمادا لە تایپێی تایوان بەڕێوەچوو و خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن؛ بە ئەکتەرێکی 12 ساڵان بەخشرا، بەمەش بووە بچووکترین ئەکتەر ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
ئۆدری لین، لە ئوسترالیا لە دایکبووە و لە تایوان گەورە بووە، لە رێگەی فیلمی 'Trouble Girl' خەڵاتەکەی بەدەستهێنا، تێیدا رۆڵی کچێک دەگێڕێت کە لە رووی سەرنجەوە کێشەی هەیە.
خەڵاتی باشترین فیلم بە 'Stonewalling' لە دەرهێنانی هوانگ جی بەخشرا، باسترین دەرهێنەریش بۆ هسیاو یا – چوان بوو.
لە 2019ـەوە هیچ ئەکتەرێکی چینی لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار نەبوو و هۆ لینگ، یەکەم ئەکتەری چینی بوو ئەمساڵ لە رێوڕەسمەکە لە تایوان ئامادەبوو.
ئەو ئەکتەرە تاکە هونەرمەندی چینی نەبوو لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بێت، بەڵکو هوانگ جی، دەرهێنەری چینی، لەگەڵ هاوژینە ژاپۆنییەکەی لەسەر فەرشی سوور تێپەڕی.
دەسەڵاتدارانی چین لە 2019ـە بەشداریکردنی هونەرمەندانی چینی لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ئەسپی زێڕینی لە تایوان قەدەخە کردبوو، ئەمەش لە دوای ئەوەی دەرهێنەرێکی تایوانی داوای سەربەخۆیی بۆ دوورگەیەک لە وڵاتەکەی کرد.
حکومەتی چین، وڵاتی تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەبینێت، بەڵێنی ئەوەشی داوە رۆژێک لە رۆژان بیگەڕێنێتەوە ژیر دەسەڵاتی خۆی، تەنانەت ئەگەر لە رێگەی هێزەوە بێت.
60مین خەڵاتی ئەسپی زیڕین، رۆژی شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023 لە تایپێی تایوان بەرێوەچوو و خەڵاتەکان لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی فیلمی ئەسپی زێڕین دیاریکران و تایبەت بوو بە بەرهەمە سینەماییەکانی 2022 و 2023.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ