دوای 30 ساڵ فیلمێکی نوێ تۆم هانکس و رۆبن رایت کۆدەکاتەوە

26-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن تۆم هانکس رۆبن رایت "Here"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکەم ئەزموونی کارکردنی هاوبەشی نێوان تۆم هانکس و رۆبن رایت لە فیلمی "Forrest Gump" بوو کە یەکێک لە شاکارە هونەرییەکانی هۆلیوودە، دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی، فیلمێکی دیکە ئەو دوو ئەکتەرە کۆدەکاتەوە.
 
فیلمەکە بەناوی "Here"ـە و رۆژی هەینی 25ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە فێستیڤاڵی فیلمی ئینستیوتی ئەمریکا لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا پێشاندرا و هەردوو ئەکتەرەکە ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین.
 
فیلمەکە تەنیا ئەو دوو ئەکتەرەی "Forrest Gump" کۆنەکردووەتەوە، بەڵکو رۆبێرت زمەکێس، دەرهێنەری فیلمەکە و ئێرێک رەوس، نووسەری فیلمەکەشی لە "Here" کۆکردووەتەوە.
 
"Forrest Gump" براوەی خەڵاتی ئۆسکارە و پێدەچێت دووبارە کۆبوونەوەی ئەو ناوە دیارانەی سینەمای هۆلیوود، کارێکی دیکەی ئاست بەرزی بەدواوە بێت.
 
"Here" چیرۆکی ماڵباتێک لە هۆڵی ماڵێکدا لە چەندین سەردەمی جیاوازدا دەخاتەڕوو و دیمەنەکان بە یەک کامێرای جێگیرکراو وێنەگیراون.
 

پێشاندانی ئەم بەرهەمە سینەماییە رۆژی هەینی 25ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی ئەمریکا دەستیپێکردووە.
 
تۆماس هانکس، لە 9ـی تەمموزی 1956 ئەمریکا لە دایکبووە، بە رۆڵی کۆمێدی و درامایی ناوبانگی پەیدا کردووە، بە یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەما دەناسرێت، داهاتی فیلمەکانی لە ئەمریکای باکوور زیاتر لە پێنج ملیار دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، لە ریزبەندی چوارەمی ئەکتەرەکانی ئەمریکای باکووردایە کە زۆرترین داهاتی هەیە.
 
هانکس، شەش جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، دوو جار بەدەستی هێناوە، هەروەها حەوت خەڵاتی پرایم تایم ئیمی بەدەستهێناوە، لە بواری شانۆشدا خەڵاتی تۆنی بەدەستهێناوە کە بە گرنگترین خەڵات لەو بوارەدا دەناسرێت، جگە لە وەرگرتنی چەندین خەڵاتی دیکە.
 
تۆم هانکس، پێشتر ئاماژەی بۆ چوار فیلمی خۆی کردبوو کە باشترینن، یەکێک لە فیلمەکان "Forrest Gump" بوو، لە پاڵ فیلمی "Philadelphia"، Cast Away"" و "The Terminal".
 

ئەو ئەکتەرە لە 1993 لە رێگەی فیلمی "Philadelphia" خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا بۆ رۆڵگێڕانی کارەکتەری هاورەگەزخواز کە تووشی ئایدز دەبێت، بەهۆیەوە لە کارەکەی لادەدرێت، لە بەرانبەردا سکاڵا لەسەر خاوەن کارەکەی تۆمار دەکات.
 

"Forrest Gump" لە فیلمە کۆمێدی و دراماییەکانە و لە 1994 بڵاوکرایەوە، بەهۆیەوە هانکس دووەم خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا، جگە لەم خەڵاتی ئەم بەرهەمە براوەی پێنج خەڵاتی دیکەی ئۆسکارە.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە کەسێک بەناوی فۆڕێست گامپ دەکات کە هانکس رۆڵی دەگێڕێت، لە دوای کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی، سەرقاڵی راوکردنی رۆبیان دەبێت و بەهۆیەوە دەوڵەمەند دەبێت، خۆشەویستی کچێک وای لێدەکات بۆ ماوەی سێ ساڵ لە راکردن بەردەوام بێت، هەرچەند دواتر ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێکدێنێت و منداڵێکیان دەبێت، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بە هۆی نەخۆشییەوە هاوژینەکەی گیان لە دەستدەدات.
 

"Cast Away" بەرهەمی ساڵی 2000ـی هانکسە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 429 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و بە سێیەم فیلمی پڕداهاتی لەو ساڵەدا ناسێندرا.
 
لەم بەرهەمە دراماییەدا، هانکس رۆڵی کارەکتەرێک لە فیلمەکەدا دەگێڕێت کە یەکێک لە سەرنشینانی فرۆکەیەکە، لە دوای کەوتنی لە باشووری زەریای ئارام، رزگاری دەبێت، بەڵام ژیانێکی سەخت لە دوورگەیەکدا بەسەر دەبات و بە هۆی بێ هیواییەوە باری دەروونیی تێکدچێت، بەڵام دواتر دەدۆزرێتەوە و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.
 

"The Terminal" بەرهەمێکی دیکەی ناوازەی هانکسە و لە 2004 بڵاوکرایەوە، ستیڤن سپێلبێرگ، دەرهێنەری ناسراوی ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و بەشێکی چیرۆکی ئەم بەرهەمە راستەقینەیە، داهاتی لە سینەماکاندا 219 ملیۆن دۆلار بووە.
 
فیلمەکە باس لە پیاوێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات کە لە تێرمیناڵی فرۆکەخانەی "جۆن ئێف کێنێدی" لە نیۆیورک گیری خواردووە، رێگەی پێنادرێت بچێتە نێو ئەمریکا، لە هەمان کاتدا بەهۆی کودەتایەکی سەربازییەوە، ناتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە