لارا هۆمەر دزەیی: جلوبەرگی کوردی دەبێت پۆشراو بێت تاوەکو رەسەنانە دەربکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

دیزاینەرێکی کورد دەڵێت، لە داهاتوودا ئەوروپییەکانیش جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن و ساڵی داهاتوو، جۆرێکی جلوبەرگی کوردی لە یەکێک لەشوێنە مێژووییەکانی کوردستان نمایش دەکات. لە زۆرینەی دیزاینەکانیشدا "هەوڵ دەدەم جلوبەرگەکان پۆشراو بێت، چونکە ئەگەر پۆشراو نەبێت رەسەن نابێت." 
 
لارا دزەیی، دیزاینەری جلوبەرگی کوردی کە پێشتر لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کۆڵێکشنی جلوبەرگی کوردیی نمایشکرد و پێشوازییەکی زۆری لێکرا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا، گوتی، "ساڵی داهاتووش کۆڵێکشنێک لە جلوبەرگەکانی لە کوردستان نمایش دەکات."
 
لارا دزەیی، بە جۆشەوە باسی کارەکانی دەکات و دەڵێت، سەرچاوەی کارەکانی ''دەستووری کوردەواریی کۆن''ـی جلوبەرگە و لە دیزاینی 100 یان 200 ساڵ لەمەوبەر وەرگیراون.
 
ئەو دیزاینەرە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، جلوبەرگی کوردیی رەسەن پۆشراوە و جوانییەکەی لە پۆشراوییەکەیدایە، ''کە سەیری جلوبەرگی ئەم سەردەمە دەکەیت زۆر پێستی ئافرەت لە دەرەوەیە، بەڵام رەسەنەکەی جۆرێکی دیکەیە، منیش هەمیشە پەرە بەوە دەدەم بە پۆشراوی دیزاینییان بکەم، چونکە ئەگەر پۆشراو نەبێت رەسەن نابێت.''
 
هۆڵی هەفتە نمایشی پاریس، پڕبوو، هەموو ئامادەبووان چاوەڕێی نمایشەکەی لارا دزەیی بوون، کە بە میوزیکی باوکی، هونەرمەند هۆمەر دزەیی، یەکەم نمایشی کۆمەڵە دیزاینی لارا دەستیپێکرد.
 
کۆمەڵە دیزاینی خەون، ئاگر و زەریا، هەریەکەیان بە میوزیکی تایبەت نمایش کران، نمایشکاران هەموویان ئەوروپی بوون و بە شێوازێکی تایبەت دیزاینەکانی لارایان پێشکێش کرد، وەک لارا دزەیی باسی کرد، بەو جۆرە خەونەکەی هاتەدی و کارەکانی لە زۆربەی گۆڤارە گرنگەکانی جیهان بڵاوکرایەوە.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی لارا هۆمەر دزەیی لەگەڵ رووداو: 
 
رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانیت لەم هەڤپەیڤینەدا.
 
لارا دزەیی: زۆر سوپاس ئاڵا خان، بەخێربێیەوە بۆ کوردستان، منیش خۆشحاڵم و زۆر سوپاسی کەناڵی رووداو دەکەم بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، کە یەکەمین چاوپێکەوتنمە لە کوردستان دوای نمایشەکەی پاریس، جەنابیشت بەخێربێیەوە بۆ کوردستان، ئاوەدانت کردەوە.
 
رووداو: سەرەتا باسی ئەو شێوازە تایبەتەی کارەکانت بکە، چۆن ئەم بیرۆکەیەت بۆ هات؟
 
لارا دزەیی: من هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە فاشن و دیزاین دەکرد، بەڵام ئەم رێچکەیەم نەگرتەبەر و نەمخوێند، بۆخۆت دەزانیت بابەتێک کە زۆرت خۆش دەوێت هەر بیری لێ دەکەیتەوە، منیش زیاد لە پێویست بیرم لە دیزاین و فاشن دەکردەوە و دەمزانی ئەگەر دەست بە پڕۆژەکە بکەم، هەر دەیگەیێنمە ئەو ئاستە جیهانییە، چونکە زۆر باوەڕم بە خۆم هەیە و باوەڕیشم بە تواناکانمە و دەمزانی دەستیپێبکەم کارێکی جوان دەبێت، دەمویست خزمەتی کوردستان بکەم، دەمەویست لە رێگەی دیزاینەکانمەوە خۆشەویستیی خۆم دەرببڕم بەرامبەر نیشتمان، دەمەویست لە رێگەی دیزاینەکانمەوە جوانیی کولتوورەکەمان بڵاوببێتەوە. کە بڕیاریشم دا دەست بەو پڕۆژەیە بکەم رای دایک و باوکم وەرگرت، بیرۆکەکەیان زۆر بە دڵ بوو و گوتیان لارا خولیای خۆتە، چی دیکە نەمدەویست لە خەیاڵی خۆمدا ئەو دیزاینانە ببینم، دەمەویست لەبەرچاوم بن، پڕۆژەکەم دەستپێکرد و سوپاس بۆ خودا زۆر باش بوو.
 
رووداو: سەرچاوەی کارەکانی تۆ لە کوێوە هاتووە؟ لە کوێ سەرچاوەت وەرگرتووە؟
 
لارا دزەیی: سەرچاوەی کارەکانی من لە دیزاینی دەستووری کوردەواریی کۆن هاتوون، کە سەیری وێنە کۆنەکانی کوردستان و عەشیرەتە جیاوازەکانی کوردستان دەکەم، [جلوبەرگی کوردی] زۆر رێزی پێوە دیارە و زۆر خانمانەیە، کە دەستم بە دیزاینەکانی خۆم کرد کە دروستیان بکەم، هەمیشە ئەو وێنە کۆنانەم دەهاتەوە بەرچاو، کە بتوانم رێزەکەی پێوە دیار بێت، خانمایەتییەکە و هەیبەت بە جلی کوردییەوە دیار بێت، چونکە جلوبەرگی کوردی لە شێوە کۆنەکە زۆر بە هەیبەتە، زۆر رێزی پێوە دیارە، جا سەرچاوەم لە دیزاینە کۆنەکانی 100 یان 200 ساڵ لەمەوبەر وەرگرتووە.
 
رووداو: نوێگەری لە جیهانی دیزایندا بایەخێکی گرنگی هەیە، چۆن لە دیزاینەکانتدا دەتەوێت باڵانسی ئەم نوێگەرییە رابگریت؟ 
 
لارا دزەیی: باڵانسەکەی بە هەڵبژاردنی کوتاڵ بە شێوازی دوورین و بە ئێکسسوار دەتوانم رابگرم، ئەگەر کوتاڵەکە زۆر کوردەواری بێت دەبێ ئێکسسوارەکە لەلایەکی دیکە هەڵبژێرم، ئەگەریش کوتاڵەکە زۆر کوردەواری نەبێت، ئێکسسواری کوردەواریی کۆنی لەگەڵ دەگونجێنم تا باڵانسەکەی رابگرم، شێوازی دوورینیش زۆر گرنگە.
 
رووداو: جلوبەرگ هاوشێوەی کۆن، بە داخراوی دیزاین دەکەیت و بە هیچ شێوەیەک جەستە دەرناکەوێت، بۆچی ئەمەت پاراستووە؟
 
لارا دزەیی: چونکە جلی کوردیی رەسەن هەر بەو شێوەیە بووە، زۆر پۆشراوە، ویستم زیندووی بکەمەوە، چونکە جوانییەکەی لە پۆشراوەکەیدایە، کاتێک سەیری جلوبەرگی ئەم سەردەمە دەکەیت، بینیم زۆر پێستی ئافرەت لە دەرەوەیە، بەڵام رەسەنەکەی جۆرێکی دیکەیە، جلی کوردیش ئەگەر بزانیت چۆن دیزاینی دەکەیت کە چۆن لە خۆتی بوەشێنییەوە، جوانترین جلوبەرگە، منیش هەمیشە پەرە بەوە دەدەم، کە دیزاینەکان دروست دەکەم، دەبێ پۆشراو بێت، چونکە ئەگەر پۆشراو نەبێت رەسەن نابێت. 
 
رووداو: هاوشێوەی ئەوەی خۆت لەبەرت کردووە.
 
لارا دزەیی: بەڵێ. ئەوەی بەر خۆم تۆزێک گۆڕانکاریم تێدا کردووە، چونکە پێم گرنگە گۆڕانکاری لە جلوبەرگی کوردی بکرێت، بەڵام بە حیساب بیکەیت، (بنەڕەتەکە)ـی وەک خۆی دەبێ بمێنێتەوە، بەڵام دەتوانیت گۆڕانکاری تێدا بکەیت، بۆ نموونە من ملم بۆ داناوە، پێم جوانە، هەندێک جار بە رەنگ دەتوانیت گۆڕانکاری تێدا بکەیت، بە شێوەی دوورین، بەڵام ئەو گۆڕانکارییەی من دەیکەم بە حیساب دەیکەم.
 
رووداو: لە پشت بیرۆکەی دیزاینەکانت چیرۆک هەن، پەیام هەن، شیعریش هەن، دەتوانیت باسیان بکەیت؟
 
لارا دزەیی: من لە بنەماڵەیەکی هونەری پەروەردە کراوم، هەر لەوکاتەوە کە بیرمە لەگەڵ دایک و باوکم بە شیعر، گۆرانی و چیرۆک خوێندنەوە تێپەڕیوە، باوکم زۆر لەگەڵ من، خوشکم و براکانم، شەوانە بەر لەوەی کە بخەوین بەردەوام شیعری بۆ دەخوێندینەوە، دایکم چیرۆکی بۆ ئێمە دەگێڕایەوە، جا کە دەستیشم بەو پڕۆژەیە کرد، دەمزانی هەر دەبێت بەو شێوەیە پێشکێشی بکەم، چونکە خۆم، رابردووی ژیانی خۆم بیر دەهاتەوە، دەبووایە بە شێوەیەک پێشکێشی بکەم کە ساکار(سادە) نەبێت، بە شیعر بێت، بە گۆرانیی خۆش بێت، بە چیرۆکێک چونکە لەپشت هەر دیزاینێک چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە و ئەویش چیرۆکی تایبەتی خۆشەویستیی خۆم بەرامبەر کوردستان، چیرۆکی تایبەتی خۆشەویستیی خۆم بەرامبەر خولیام، جا پێم گرنگە کە هەستەکەی پێوە دیاربێت، چونکە ئەگەر هەستی پێوە دیار نەبێت، ئەگەر پەیوەندییەکی سۆزداری دروست نەبێت لە نێوان خۆم و کارەکەم و نێوان خۆم و بینەرەکان، تا سەر نابێت؛ منیش هەمیشە هەوڵ دەدەم کە ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە بمێنێت.
 
رووداو: ئایا لە پاریس پەیامەکەت گەیشت؟
 
لارا دزەیی: بێگومان گەیشت، زۆریش ماندوو بووم لە پاریس چونکە پێشوەختە لەگەڵ مۆدێلەکان بووم، قسەم لەگەڵیان دەکرد، پێم دەگوتن، بۆ یەکەم جاربوو ئەو دیزاینی جلوبەرگی کوردییەیان لەبەربوو، زۆریش دڵیان پێی خۆشبوو، چونکە ئەم هەموو ئێکسسوار، کراس، کەوا و شتەکان جیاواز بوو بۆیان، دڵیان زۆر پێی خۆشبوو، پەیامەکەم گەیشت و لە هەمانکاتیشدا پەیوەندیم لەگەڵ هەموویان ماوە، دەڵێن لارا تکایە بۆ نمایشی داهاتووش هەڵمانبژێرەوە، زۆر حەزیان دەکرد.
 
رووداو: رەنگەکانت چۆن هەڵدەبژێریت؟
 
لارا دزەیی: من کە دەچمە بازاڕ و دووکان بەدوای قووماش دەگەڕێم، هەندێک جار تێکەڵ دەبم لەگەڵ قوماشەکان، هەندێک قوماش رامدەکێشن بەلای خۆیانەوە کە لە ستۆدیۆی خۆم 20 پارچە ریز دەکەم تا بزانم، زۆرجار شەش پارچەی جیاواز بانگم دەکەن، دەشزانم ئەم شەش پارچەیە یەکتریان دەوێ، جا ئەو شەش پارچەیە لە نێوان ئەو 20 پارچەیەی کە لەبەرچاو من جیایان دەکەمەوە و دەزانم ئەم شەش پارچەیە لەگەڵ یەکدی دەبێ تێکەڵیان بکەم چونکە یەکتریان دەوێت، جا بەو شێوەیە دیزاینەکان دروست دەبن، چونکە بە هەستیش دروستی دەکەم، خۆشەویستیی خۆمی دەدەمێ، بینەرەکان هەستی پێ دەکەن.  
 
رووداو: وەکو مۆسیقا.
 
لارا دزەیی: راستە، وەکو مۆسیقا دەبنە ئیلهام، شێعریان بۆ دەڵێم، بۆخۆم شاعیر نیم، بەڵام بۆم دێت، چونکە دەبن بە ئیلهام بۆ من، کە وام لێ دەکەن قسەی خۆشیان بۆ بگێڕمەوە، بەو شێوەیە چیرۆکەکان دروست دەبن و پارچە شیعرەکانم بۆ دێت، بەڵام کە لە پاریس بووم لەگەڵ مۆدێلەکان لەگەڵ هەموویان قسەم دەکرد بەر لەوەی بچن و دەست بە نمایشەکە بکرێت، گوتم ئێوە جلوبەرگی کولتووری وڵاتی من لەبەر دەکەن و زۆر دەبێت بە فەخر و شانازییەوە بڕۆن، بەتایبەتی جلوبەرگی ئەوەی پێشمەرگەکان، قسەم لەگەڵ کرد و گوتم کە دەچییە ژوورەوە دەبێ زۆر 'بێمنەت' بیت، سەربەرز، چاونەترس، چونکە تۆ کوردستانی، تۆ پەیامێکت پێیە، جا رێک ئەو پەیامەی گەیاند بە رووخسارییەوە، چونکە دەبێ لەگەڵیان قسە بکەیت، ئەگەر نا هەر بە شێوەیەکی زۆر سادە دەیانتوانی نمایشەکە بکەن، بەڵام زۆر بە دڵم بوو.
 
رووداو: نمایشەکەت لە پاریس دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەوەی من بینیم دیزاینەکەیان زیاتر دەستووری دزەیی تێدابوو، بڕیارت داوە لە داهاتوودا دەستووری ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش بەکاربهێنیت؟
 
لارا دزەیی: لە پاریس30 پارچەم نمایشکرد، دوو لەو 30 پارچەیە هی دەشتی دزەییان بوو، ئەوانەی دیکە نەخێر، هی دەڤەری بادینان بوون، هی زۆر ناوچەی دیکە بوون، بەڵام بێگومان لە داهاتوودا کار دەکەم لەسەر دەستووری ناوچەکانی دیکە، دڵخۆش دەبم، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە هەموویەوە ساڵێک و سێ یان چوار مانگە دەستم بەو پڕۆژەیە کردووە، کاتم پێویستە، بەڵام دەیکەم.
 
رووداو: بۆچی هیچ مۆدێلێکی کوردت بۆ نمایش بەکارنەهێنا؟
 
لارا دزەیی: نمایشکار مەرجی هەیە و دەبێ ئەو مەرجانە جێبەجێ بکرێن، نمایش (ئێیجنسی) لە پاریس، ئەوان مۆدێلەکان  هەڵدەبژێرن، 40 مۆدێلیان هەڵبژارد بۆ من و دواتر رێککەوتین لەسەر 30 کەس، چونکە من ناتوانم  بۆخۆم بڵێم لە کوردستان کچی کورد دەهێنم، چونکە ئەو مەرجانە دەبێ جێبەجێ بکرێن، دەبێت باڵایان بەرز بێت، دەبێت ئەزموونیان هەبێت، دەبێت رووخساریان سرووشتی بێت، دەبێت کێشەیان کەم بێت، کە ئەوە بەدەست من نییە، ئەوە بەدەست ئەو مۆدێل 'ئێیجنسییانە'ـن کە لە دەرەوە هەن و ئەوان بڕیار بۆ دیزاینەران دەدەن.
 
رووداو: روانینت بۆ دیزاینی جلوبەرگی کوردی لە داهاتوودا چییە؟
 
لارا دزەیی: وابزانم دوای نمایشی پاریس بۆیان روونبووەوە و دەرکەوت کە جلوبەرگی کوردی جلوبەرگێکی زۆر دەوڵەمەندە، زۆر بەهێزە، چونکە هەستیان پێ کرد لە نمایشی پاریس و بە بەردەوامیش دیزاینەکانم بڵاودەکەنەوە لە هەموو گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان، وەکو (ڤۆوک) کە زۆر بەناوبانگە، وەکو (فۆربس)، یانی گۆڤاری نێودەوڵەتیی جیهانی نەما کە پەیوەندیم پێوە نەکەن، هەر هەموویان بە بەردەوامی دیزاینەکانم بڵاودەکەنەوە و راپۆرت دەنووسن لەسەرخۆم و لەسەر کارەکانم، لەسەر کولتووری کوردەواری و ئەمەش بۆ من زۆر جێگەی شانازییە چونکە لە سەرەتادا ئەو بڕیارەم دا کە دەست بە پڕۆژەکە بکەم، دەمزانی دەیگەیێنمە ئەو شوێنەی کە شایانە، دوای ساڵێکیش کە گەیشت، بە بەردەوامی پەیوەندیم پێوە دەکەن کە دیزاینی نوێیان پێبدەم تاوەکو بڵاوی بکەنەوە. بەڵی داهاتوویەکی زۆر زۆر باشی هەیە.
 
رووداو: واتە لەو باوەڕەدایت کە جلوبەرگی کوردیی ژنان و پیاوان ببێتە جلوبەرگێکی جیهانی؟
 
لارا دزەیی: بێگومان دەبێت، خۆشحاڵ دەبم و دەشبێت، ئینشاڵڵا کە نەک تەنیا کورد، بەڵکو خەڵکی بیانیش جلوبەرگی کوردی لەبەربکەن بۆ نموونە ئێمە لە کوردستان بەتایبەتی لە مانگی رەمەزان دەبینم ئافرەتی کورد زۆر جلوبەرگی کەفتان، عەبا و (گەلابییە) لەبەردەکەن، ریکلامێکی زۆر بەهێز بۆ جلوبەرگی دەستووریی وڵاتانی دیکە دەکەن، بۆچی ئەوان جلوبەرگی ئێمە لەبەر نەکەن؟ با جلوبەرگی کوردیش وای لێبێت کە خەڵکی وڵاتانی دیکە لەبەری بکەن، ئەگەر بە جوانی دیزاینی بکەیت بێگومان لەبەری دەکەن.
 
رووداو: هۆکاری دەنگدانەوەی نمایشەکەت بۆ ئەوروپییەکان چی بوو؟
 
لارا دزەیی: گوتیان "واو" راست دەکەیت، یەکەم جارە کە ئێمە لە نمایشێک هەستمان بە زۆر هەست کرد، هەستی خۆشەویستی، هەستی هیوا، هەستی سەربڵندی، گوتیان زۆر کەم نمایشی هەست [دەبینن]، یانی هۆڵەکە پڕ لە هەست بوو، جەنابت لەوێ بووی، زۆر کەس دەگریان، زۆر کەس دڵیان پێی خوشبوو، جا گوتیان ئێمە شتیوا نابینین لە نمایش بەڵام ئەوەی تۆ زۆر جیاواز بوو چونکە مۆدێلەکانیش زۆر بە سەربڵندییەوە دەهاتنە دەرەوە، گۆرانییەکانیشی کە خۆم هەڵمبژاردبوون جیاواز بوون، کوردی بوون تێکەڵ لەگەڵ فەرەنسی، تێکەڵ بوو لەگەڵ ئینگلیزی، ویستم گۆرانییەکان جۆراوجۆر بن، نەک هەمووی تەنیا کوردی بن، جا زۆر بە دڵیان بوو.
 
رووداو: 30 جلوبەرگی جۆراوجۆرت نمایشکرد، ئەم جلوبەرگانە باسی چیان دەکرد؟ 
 
لارا دزەیی: باسی کوردستان، خولیای خۆم، خۆشەویستیی، هاوڕێی چاک، خاکی کوردستان، دەشتی کوردستان، شاخەکانی کوردستان و باسی هەمووشتێک دەکەن، بۆ من هەر دیزاینەی چیرۆکی خۆی هەیە کە لە ماڵپەرەکەم بە ئینگلیزی نووسراوە، ئەوانیش هەستیان پێ کرد.
 
رووداو: چەند جۆر کۆڵێکشنت پێشکێش کرد لە پاریس؟
 
لارا دزەیی: کۆڵێکشنی پاریس بریتی بوو لە سێ کۆڵێکشن، کۆڵێکشنی خەون کە یەکەمین کۆڵێکشن بوو، ناویشم لێنا خەون، چونکە خەونی خۆم هێنادی و دەستم پێکرد دیزاینەکان دروست بکەم، کۆڵێکشنی دووەم ئاگر بوو و کۆڵێکشنی سێیەمیش بە ناوی زەریا، جوانیی زەریا، قووڵیی زەریا، هەندێک جار لێی تێناگەیت، لێی دەترسیت، جا ئەم سێ کۆڵێکشنەم پێکەوە جوانتر کرد و رام لەسەر کردنەوە. بە هەموویەوە 30 رۆژم هەبوو بەر لەوەی بچمە پاریس، کاتەکەم زۆر کەم بوو، بەڵام هەموو رۆژ و شەو بەسەریاندا دەچوومەوە تاوەکو کۆڵێکشنی پاریس زۆر جوان و نایاب بێت.
 
رووداو: چ کاتێک ئەو ئیلهامەت بۆ دێت کە دیزاینەکە چۆن بێت و کامە رەنگ لەگەڵ کامە رەنگ دێتەوە؟
 
لارا دزەیی: کاتێک لە ستۆدیۆم، وەک باسم کرد هەموو پارچەکان ریز دەکەم، سێ چوار پارچە یەکتریان دەوێت، هەستیان پێ دەکەم کە لەو 20 پارچەیە سێ یان چوار پارچە زۆر بانگم دەکەن بە لای خۆیانەوە و دەزانم دەبێ ئەم سێ یان چوار پارچەیە لەگەڵ یەکدی بگونجێنم. بەو شێوەیەی کە هەڵیان دەبژێرم دەزانم دیزاینێکی زۆر جوان دروست دەبێت و هەر ئەو کاتە ناوەکانیشم بۆ دێت، لەبەر ئەوەی رەنگەکان دەبینم زۆر جوان لەگەڵ یەکدی تێکەڵ بوونە، ناوەکانم بۆ دێت، ئەوکاتەش ناو لە دیزاینەکان دەنێم، دواتریش لەگەڵ خەیاتی خۆم، خەیاتی ئەم پڕۆژەیەم کاک عەلی کۆبانی، زۆر خەیاتێکی زیرەکە و لێم تێدەگات، منیش زۆر گرنگە بە لای خۆمەوە کە لەگەڵ ئەو کەسانە کار بکەم کە لێم تێبگەن، چونکە ئەگەر تێنەگەیشتن لە کارەکە ناگات، کە پێی دەڵێم کاک عەلی بەو شێوەیە دەمەوێت بیدووریت، دەیدوورێت، بەڵام لە سەرەتادا دەیگوت لارا خان نابێت، چۆن ئەو هەموو رەنگەی تێکەڵ دەکەیت، نابێت، دەمگوت کاک عەلی تۆ بە گوێم بکە، چونکە لای سەیربوو کاک عەلی، کە ئەم هەموو پارچەیە دەبەمە لایەوە، دەیگوت لارا خان ئەوە زۆرە ئاخر ئەو هەموو رەنگە کوا دەبێت، منیش گوتم دەبێت. بەڵام کە بینی، گوتی لاراخان لەمەودوا هەرچی بڵێیت من ناڵێم نا.
 
رووداو: ئەمەی بەری خۆت لە کامە کۆڵێکشنە؟
 
لارا دزەیی: ئەمە کۆڵێکشنی چوارەممە کە هێشتا بڵاوم نەکردووەتەوە، کۆڵێکشنی دارستان، بەڕێوەیە و ئینشائەڵڵا ساڵی داهاتوو بڵاوی دەکەمەوە، ئەم دیزاینە لە کۆڵێکشنی چوارەممە کە دیزاینم کردووە.
 
رووداو: پڕۆژە و کاری داهاتووت چییە؟
 
لارا دزەیی: سەرقاڵم بە کۆڵێکشنی چوارەم بە ناوی دارستان کە بریتی دەبێت لە 10 دیزاینی جیاواز و جیاوازیش دەبێت لە  کۆڵێکشنەکانی پێشوو و زۆریش بەردەوام دەبم.
 
رووداو: جیاوازییەکەی چییە؟
 
لارا دزەیی: جیاواز دەبێت، نامەوێت باسی لێوەبکەم، چونکە ئەگەر باسی دیزاینەکان بکەم چێژی تێدا نامێنێت، حەز دەکەم کە بڵاوم کردەوە ئەوکاتە سوپرایزێکی جوان بێت کە بینیت، بەڵام جیاواز دەبێت لە کۆڵێکشنی یەکەم، دووەم و سێیەم.
 
رووداو: لە کوێ نمایشی دەکەیت؟
 
لارا دزەیی: پێمخۆش بوو ئەم پرسیارەت لێ کردم بە لای منەوە جگە لە دیزاینەکان زۆریش گرنگە ئەو شوێنانەی من هەڵیاندەبژێرم [بۆ نمایشکردن] لە کوردستان، شوێنەکان مێژوویی بن سرووشتی جوانی کوردستان بێت، ئەمەش رۆڵێکی گەورەیە بۆ من و بۆ دیزاینەکانم کە یەکدی جوان دەکەن جگە لە دیزاینەکانم کە هەمیشە دەمەوێت رێزەکەی پێوە دیار بێت، بەڵام ئەو شوێنانەی کە هەڵیاندەبژێرم دەبێت شوێنی مێژووی کوردستان بن، جا باسی ناکەم لە کوێ وێنەگرییەکەی دەکەین، بەڵام دەیبینیت ئینشاڵڵا.
 
رووداو: لە کوردستان دەبێت؟
 
لارا دزەیی: بەڵێ لە کوردستان، بێگومان من هەمیشە حەز دەکەم ریکلام بۆ کوردستان بکەم، هەمیشە دەمەوێت وێنەکان لە کوردستان بگیرێن، چونکە پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و کوردستانییە و منیش خۆم کەسێکی زۆر کوردستانیم، بە هیچ شێوەیەک نامەوێت جلوبەرگی کوردی لە وڵاتێکی دیکە وێنەی بگرم.
 
رووداو: خەونی تۆ لەو جلوبەرگانەدا چییە کە بتەوێت لە داهاتوودا بە جیهانی بگەیێنیت؟  
 
لارا دزەیی: خەونەکەم هاتەدی ئەوەی ویستم بیکەم دوو ساڵم بۆخۆم دانابوو کە بیگەیێنمە ئەو ئاستە، بەڵام بە ساڵێک کە بانگیان کردم لە پاریس نمایشەکەی بکەم کە لە هەموو گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان بە بەردەوامی دیزاینەکانم بڵاودەکەنەوە، خەونەکەم هاتە دی، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە دەوەستم، چونکە هێشتا ماوە، دەتوانیت لە رێگەی هونەریشەوە سیاسەت بکەیت، زۆر رێگە هەیە کە بتوانیت سیاسەت بکەیت، هەندێک جار رێگەی هونەری بەهێزترە، چونکە خەڵکی بیانی حەز لە هونەر دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر شتەکەیان زۆر بە دڵ بێت، منیش هەر بەردەوام دەبم، سەرقاڵی کۆڵێکشنە تازەکانم دەبم، دەتوانم بڵێم مانگانە گۆڤاری نێودەوڵەتی پەیوەندیم پێوە دەکەن بۆ چاوپێکەوتن، راپۆرت و دیزاینەکانم، ئەوەش بەلای منەوە زۆر گرنگە.
 
رووداو: ئاواتی تۆ ئەوەیە کە رۆژێک ئەوروپییەکان جلوبەرگی کوردی لەبەر بکەن؟
 
لارا دزەیی: ئینشاڵڵا، بۆچی نا، ئەوروپییەکان جلوبەرگی هیندییان لەبەرکردووە، جلوبەرگی کەفتانییان لەبەر کردووە، کوردیش رۆژێک لەبەر دەکەن، دڵنیام لەبەری دەکەن، چونکە جلوبەرگی کوردی جیاوازە لەگەڵ جلوبەرگی وڵاتانی دیکە، هەیبەتێکی تێدایە کە لەبەری دەکەیت هەست بەو هەیبەتە دەکەیت، ئەگەر زۆر بە جوانی دروومان کرابێت و یەکێکیش بزانێت چۆن جلوبەرگەکە بگونجێنێت، دڵنیام کە خەڵکی ئەوروپی لەبەری دەکەن. داواکاریم زۆرە لەلایەن خەڵکی بیانییەوە کە کورد نین، لە رێگەی ماڵپەڕەکەم زۆر داوا دەکەن کە جلوبەرگی کوردی براندەکەی خۆمیان بۆ بنێرم.