کەیت وێنسلێت لە پێشاندانی نوێترین فیلمی لە نیویۆرک ئامادەبوو


رووداو دیجیتاڵ

لە نیویۆرکی ئەمریکا، پێشاندانی تایبەتی فیلمی "Lee" بەڕێوەچوو کە کەیت وێنسلێت، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
لەم بەرهەمە سینەماییەدا، وێنسلێت رۆڵی لی میلەر، فۆتۆگرافەری ئەمریکی دەگێڕێت کە پێشتر نمایشکاری جلوبەرگ بووە، دواتر بووەتە فۆتۆگرافەر و رۆژنامەڤان و رووماڵی جەنگی جیهانیی دووەمی کردووە.
 
فیلمەکە باس لەو مەترسیانە دەکات کە ژنە فۆتۆگرافەرێک لە کاتی رووماڵی جەنگی جیهانیی دووەمدا رووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها ئەو جیاکارییە رەگەزییەی لەو کاتەدا هەبووە. 
 
وێنسلێت وەک بەرهەمهێنەریش لە فیلمەکەدا بەشدارە و رۆژی چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024 (بە کاتی ئەمریکا)، لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەی، لە پێشاندانە تایبەتەکە ئامادەبوو. 
 

کەیت وێنسلێت لە 1975 لە بەریتانیا لەدایکبووە، لە رێگەی فیلمی سینەمایی "Titanic" ناوبانگی پەیداکرد و بووە ناوێکی درەوشاوە لە سینەمای هۆلیوود و جیهاندا. تا ئێستا لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
 
بڕیارە فیلمی "Lee" لە 27ـی ئەیلوولی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 

ئەو ئەکتەرە توانی ریکۆردێک تۆمار بکات وەک بچووکترین ئەکتەر کە پێنج جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر کرابێت، جگە لە فیلم، لە چەندین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و وەک گۆرانیبێژێک چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە.
 
کەیت وێنسلێت، زیاتر بەوە ناسراوە کە رۆڵی ژنە ئاڵۆزەکانی لە فیلمە سەربەخۆکاندا گێڕاوە، بەتایبەتیش لە دراما مێژووییەکاندا.
 
جگە لە خەڵاتێکی ئۆسکار، خەڵاتێکی گرامی، دوو خەڵاتی ئێمی پرایم تایم، پێنج خەڵاتی بافتا و پێنج خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێناوە.