پێشاندانی تایبەتی '2 Joker' لە لەندەن بەڕێوەچوو و مانگی داهاتووش دەگاتە هەموو جیهان


رووداو دیجیتاڵ

پێشاندانی تایبەتی بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "Joker" لە لەندەنی بەریتانیا بەڕێوەچوو، هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی خواکین فینێکس و لەیدی گاگا ئامادەی پێشاندانی فیلمەکەیان بوون.
 
"Joker: Folie à Deux" بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکەیە، درێژەپێدەری بەشی یەکەمە، تێیدا فینێکس رۆڵی کارەکتەری ئارسەر فلێک دەگێڕێت کە دوایین جار لە پەخشی راستەوخۆدا پێشکێشکارێکی تەلەڤزیۆنی دەکوژێت، بەهۆیەوە چارەسەری دەروونی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی دواتر بەهۆی ئەو تاوانەوە دادگایی بکرێت. 
 
ئەم رووداوە وایکرد، ژمارەیەک هەوادار بۆ خۆی دروست بکات، یەکێک لەوانە کارەکتەری هارلی کوین کە گاگە رۆڵی دەگێڕێت، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت و بە گۆرانی گوزارشت لە خۆیان دەکەن.
 
لەیدی گاگا، لەگەڵ دەستگیرانەکەی مایکڵ پۆلانسکی بە جلێکی سوور و مەیکئەپی کارەکتەری هارلی کوین، بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی.
 

گاگا، لەبارەی فینێکس گوتی، کارکردنم لەگەڵ ئەو خۆشەویست. هیچ رۆژێک بێزارکەر نەبووە، ئەو بە درێژایی کات کەسێکی پێکەنیناوییە. گوتیشی، جیهانی "Joker" چەند تاریک بوو، بەڵام هێندەی ئەوەش لە کاتی وێنەگرتن پێکەنیون.
 

هەر لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە، گاگا باسی لە ئەلبوومە نوێیەکەی بەناوی "Harlequin" کرد و گوتی، ئەو زۆر دڵخۆشە بە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومە نوێیەکەی لە 27ـی ئەیلوولی 2024.
 

تۆد فێلێپس، دەرهێنەری فیلمەکە لە پێشاندانی تایبەتی "Joker: Folie à Deux" ئامادەبوو، لەبارەی گاگا گوتی، جەماوەرێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام ئەوان گاگایان خۆشدەوێت لەوەی دەیکات. هیوای ئەوەشی خواست، فیلمەکەیان بە دڵ بێت. گوتیشی، ئەوان دیوێكی دیکەی جیاوازی دەبینن و لەو بڕوایەدایە، ئەو کارەکتەری خوڵقاندوویەتی؛ بە دڵیان دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، هەوادارانی لەیدی گاگ و خواکین فینێکس، بە واژۆکردن بۆیان و وێنەگرتن لەگەڵیاندا؛ دڵخۆش بوون.
 

لەلایەکی دیکەوە، گاگا، لە هەژمارە تایبەتەکەی لە ئینستگرام؛ پۆستەری ئەلبوومەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، لە 27ـی ئەیلوولی 2024 بڵاودەکرێتەوە. ئەلبوومەکە 13 تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت.
 

بەشی دووەمی فیلمی "Joker" بەناوی "Joker: Folie à Deux"ـە، بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برۆسە و لە نیسانی 2024 یەکەم پۆستەری بڵاوکرایەوە. فیلمەکە لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 
 
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە بوو کە داهاتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 55 ملیۆن دۆلارە.
 

لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەک لە خواکین فینێکس و لەیدی گاگا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەگیراوە، چونکە ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری لێخۆشبوونی باجی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە بڕی 12.6 ملیۆن دۆلار دا.
 
پێشاندانی "Joker: Folie à Deux" لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا دەستپێدەکات و 4ـی هەمان مانگ لە ئەمریکا پێشاندەدرێت.