کۆمپانیای واڵت دیزنی بە 36 هەزار دۆلار سزا دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری دادگەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، کۆمپانیای واڵت دیزنی بە بڕی 36 هەزار دۆلاری ئەمریکا سزادرا، هۆکارەکەش مردنی یەکێک لە ستافی زنجیرەی "Wonder Man"ـە.
 
زنجیرەی "Wonder Man" لە ستۆدیۆکانی مارڤڵ وێنەدەگیرێت، لە شوباتی ئەمساڵ کەسێک بەناوی خوان کارلۆس ئۆسۆریۆ، لە ستافی فیلمەکە، لە کاتی کۆکردنەوەی کێبڵی رووناکی گیانی لەدەستداوە.
 
ئۆسۆریۆ، لە رێڕەوی وێنەگرتنی فیلمەکە لە نێو ستۆدیۆ کە هێشتا وێنەگرتن تێیدا دەستی پێنەکردبوو، تەختە داری ژێر پێی شکاوە و لە بەرزی 41 مەتر کەتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. 
 

لەلایەکی دیکەوە، بەم دواییە کۆمپانیای دیزنی، ترەیلەری نوێترین بەرهەمی بڵاوکردەوە، ئەویش فیلمی "Mufasa: The Lion King"ـە و بڕیارە لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
واڵت دیزنی، کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و لە بواری میدیا، سینەما و کات بەسەربردن کار دەکات، لە 16ـی تشرینی یەکەمی 1923 دامەزراوە، چەندین بەش و کۆمپانیای دیکە لەخۆدەگرێت، لەوانە واڵت دیزنی پیکچەرز، ستۆدیۆکانی واڵت دیزنی بۆ فیلمە ئەنیمەیشنەکان، ستۆدیۆکانی مارڤڵ و لۆکاس فیلم. 
 
لە 2022 لە ریزبەندی 53ـی لیستی 500 گەورەترین و بەناوبانگترین کۆمپانیاکان لە جیهاندا هات، لە رێگەی بەرهەمەکانییەوە 135 خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە.