"Deadpool & Wolverine" ریزبەندی یەکەم وەردەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی "Deadpool & Wolverine" دەگەڕێتەوە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکوور، داهاتی ئەم هەفتەیەی 18 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە.
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە، باس لە کارکتەری دیدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە، جگە ئاکشن، کۆمێدیایەکی جیاوازیش لەخۆدەگرێت.
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە و ئەو ئەکتەرە لەگەڵ کارەکتەری دێدپۆڵ بە یەک دەگەن.
فیلمی "Alien: Romulus" دوو هەفتەیەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکووردا پێشاندەدرێت، هەفتەی رابردوو لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا بوو، لەم هەفتەیەدا بۆ ریزبەندی دووەم دابەزی و داهاتی ئەم هەفتەیەی 16 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
سێ هەفتەیە فیلمی درامایی و رۆمانسی "It Ends with Us" لە سینەماکاندا پێشاندەدرێت و لە ریزبەندی سێیەمدایە، داهاتی ئەم هەفتەیەی 11 ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە، کۆی داهاتی هەر سێ هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 121 ملیۆن دۆلارە، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 242 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە.
فیلمی "Blink Twice" لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکاندا، حەوت ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بەدەستهێنا و لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکەدا هات. بودجەی فیلمەکە 20 ملیۆن دۆلارە و چیرۆکی لە نێو دوورگەیەکە و رووداوی ترسناک روودەدەن.
ریزبەندی پێنجەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکوور، بۆ فیلمی "The Forge" بوو و داهاتی شەش ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە.
پێشاندانی فیلمی ئەنیمەیشن "Inside Out 2" لە سینەماکانی جیهاندا بەردەوامە و لە هەفتەی 11ـدا توانی دوو ملیۆن و سەت هەزار دۆلار لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بەدەستبێنێت و لە ریزبەندی دەیەمدا بێت. کۆی داهاتی لەو ماوەیەدا 646 ملیۆن دۆلارە، کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە.
هەفتانە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکوور بڵاودەکرێتەوە و داهاتی فیلمەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکرێت، لیستەکە داهاتی فیلمەکان لە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا لەخۆدەگرێت کە بە گەورەترین بازاڕی سینەما لە جیهاندا دەناسرێت.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 2020 و بەهێزبوونی پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم لە جیهاندا، زیانێکی زۆر بە سینەماکان کەوت، بەتایبەتیش لە ئەمریکا، دوای کۆرۆناش، بازاڕی سینەماکان وەک سەردەمی زێڕینی نەگەڕایەوە، بەڵام فیلمی بەهێزی وەک "Deadpool & Wolverine"، "Barbie" و "Oppenheimer" و چەند فیلمێکی دیکە، توانیان بازاڕی سینەماکان گەرم و گوڕ بکەنەوە.
بەشێک لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم، لەوانە نێتفلێکس، دیزنی پڵەس، ئێج بی ئۆ، ئامەزۆن پرایم و ئەپڵ تیڤی پڵەس، فیلمی تایبەت بە بەکارهێنەرانیان بەرهەمدێنن و لە سینەماکاندا پێشانی نادەن، ئەمەش زیانێکی دیکەی بە سینەماکان گەیاندووە.