میوزیک ژەنێک بۆ رووداو: نەیانهێشت گیتار لە پارکی شانەدەر ببەمە ژوورەوە

رووداو - هەولێر

میویکژەنێکی گەنجی شاری هەولێر، کە ژەنیاری ئامێری گیتارە، دەڵێت لە یەکێک لە پاڕکەکانی شاری هەولێر، رێگەیان نەداوە بە ئامێری میوزیکەوە بچێتە ژوورەوە، ئەمە لەکاتێکدا ویستوویەتی لەنێو پاڕکەکە میوزیکی راستەوخۆ پێشکەشی میوانانی پاڕکەکە بکات.

دییەم جەلیل، میوزیکژەن و مامۆستای ئامێری گیتار، لەکاتی ئامادەبوونی لە پڕۆگرامی دەنگی نوێی رووداو میوزیک، گوتی "پلانم هەبوو بچیمە پاڕکی شانەدەر و میوزیکی راستەوخۆ پێشکەشی میوانان بکەم، بەڵام لە بەردەم دەرگا رێگەیان نەدا بچمە ژوورەوە و گوتیان میوزیکژەنین قەدەخەیەو بۆت نییە ئامێرەکەت ببەیتە ژوورەوە".

دییەم گوتیشی " ئێمە لەگەڵ خاوەنی چێشتخانەکە قسەمان کردبوو، ئەو رازیبوو لە بڕی لێدانی گۆرانی عەرەبی و تورکی بە دەنگی بەرز، میوزیکی راستەوخۆ پێشکەشی میوانان بکەین، بەڵام لە بەردەم دەرگا گوتیان ئەمە مۆڵەتی بەڕێوەبەری پاڕکەکەی دەوێت، کاتێک پەیوەندیشیان پێیەوە کرد، ئەو گوتبووی بردنە ژوورەوەی ئامێری میوزیکی قەدەخەیە".

لەم پڕۆگرامەی دەنگی نوێدا، هەریەکە لە میوزیکژەن دییەم جەلیل و جێژوان وەک میوزیکژەن و گۆرانیبێژ و فڕانک لە وڵاتی پانامای باشووری ئەمەریکاوە، وەک میوزیکژەن و گۆرانیبێژ ئامادەبوون.