ماڵی میوزیکی زەهاوی کۆنسێرتی میوزیک و گۆرانی ئازەربایجان سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

ماڵی میوزیکی زەهاوی، ئەمساڵ جیاوازتر کاردەکات، پێشتر گرنگی بە هونەرمەند و گرووپە میوزیکییە کوردییەکان لە چوار پارچەی کوردستان داوە، ئەمساڵ پلانی ئەوەی هەیە هونەرمەند و گرووپە بیانییەکان بهێنێتە کوردستان و کۆنسێرتیان بۆ سازبکات، یەکەم کۆنسێرتیش بۆ میوزیک و گۆرانی ئازەربایجانە.
 
گرووپە میوزیکییەکە ژمارەیەک ژەنیاری ناسراوی ئازەربایجان لەخۆدەگرێت و هونەرمەند نەزاکەت تەیمورۆڤا وەک گۆرانیبێژ لەگەڵیان بەشدار دەبێت و گوڵبژێرێک لە بەرهەمی خۆی و فۆلکلۆری وڵاتەکەی پێشکێش دەکات.
 
کۆنسێرتەکە لە کاژێر 19:00ـی ئێوارەی پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023 لە قەڵای هەولێر سازدەکرێت کە دەکاتە دووەم رۆژی جەژنی قوربان و ئامادەبوون تێیدا بە بلیتە.
 
هەژار زەهاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ بەرنامەکەیان نێودەوڵەتییە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ میوزیک و گۆرانی ئازەربایجان تەرخانکراوە، مانگی تەممووز بۆ سوێد، ئاب بۆ پاکستان، ئەیلوول بۆ جەزائیر و تشرینی یەکەم بۆ ئیسپانیایە.
 
ماڵی میوزیکی زەهاوی بە سەرپەرشتی هونەرمەند هەژار زەهاوی دەمەزراوە و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ پشتیوانی لێدەکرێت.
 
وەک باونگەوازێک بۆ دامەزراندنی ئەو ماڵە هونەرییە، لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021 یەکەم کۆنسێرتی بە بەشداری هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان لە قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.