رۆژان ئەبوبەکر: گوێ لە پیانۆ دەگرم و سەرسامی سەمای یۆنانیم

رووداو – هەولێر

رۆژان ئەبوبەکر، بێژەری هەواڵ و پێشکەشکاری پڕۆگرامی "بەربانگ" لە تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیەنێت، کە نێوانی لەگەڵ هونەر خۆشەو زۆر حەزی لە گوێگرتنە لە دەنگی پیانۆ، سەرسامیشە بە سەمای یۆنانی و کاتێک سەیری دەکات ئارام دەبێتەوە.

رۆژان ئەبوبەکر، بێژەر و پێشکەشکار، بە بەشی هونەری تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند، "بەبەردەوامی گوێ لە میوزیک و گۆرانی دەگرم، حەزیشم لە ژەنینی پیانۆیە، بەگشتی گوێ لە گۆرانییە کوردییەکان دەگرم، بە تایبەتی زەکەریا عەبدوڵڵا و هۆمەر دزەیی".

رۆژان دەشڵێت، "لە گۆرانیبێژە بیانییەکانیش زۆر حەزم لە دەنگی ئەلیسا-ی گۆرانیبێژی لوبناییەو حەز دەکەم رۆژێک لە رۆژان بە دیداری شاد بم و بیبینم".

رۆژان باسی سەردەمی قۆناخی سەرەتایی خوێندنی دەکات لە قوتابخانەو دەڵێت، لە وێنەکێشان باش نیم، ئەو کاتەی لە قوتابخانەی سەرەتاییش بووم نەمدەتوانی وێنە بە باشی بکێشم، بەڵام حەزم لە سەیرکردنی فیلمی سینەماییە بە تایبەتی ئەگەر بە گرووپ چەند کەسێک بین سەیری بکەین و کەسێک هەبێت پێشتر رووداوەکانی نێو فیلمەکەم پێ بڵێت.

"جوانتریم فیلم کە بینیبێتم فیلمی زۆربا-یە، کە فیلمێکی هاوبەشی یۆنانی-بەریتانییەو لە ساڵی 1964 بڵاوکراوەتەوە" رۆژان ئەبوبەکر وای گوت.
رۆژان ئەبوبەکر، بێژەری هەواڵە لە تۆڕی میدیایی رووداو، هاوکات بە درێژایی مانگی رەمەزاندا پڕۆگرامێکی تایبەت بەناوی "بەربانگ" لە تەلەڤزیۆن و رادیۆی رووداو پێشکەشدەکات.