نەسیر شەممە بۆ رووداو: کۆنسێرتێک لە هەولێر و موسڵ سازدەکەم
رووداو- بەغدا
نەسیر شەممە ، ژەنیاری ناوداری کورد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو ئاشکرای دەکات، کە بەمزووانە کۆنسێرتێکی گەورە لە هەولێر و موسڵ سازدەکات.
لەمباریەوە نەسیر شەممە ژەنیاری ئامێری عود کە ئێستا بە سەردانێک لە بەغدایە ، بە رووداوی راگەیاند "دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش ، بەمزووانە کۆنسێرتێکی میوزیکی لە شاری موسڵ و هەولێر سازدەکەم".
نەسیر شەممە بەنیازە کۆمەڵێک پڕۆژەی هونەری لە کوردستان ئەنجامبدات. ئەو دەڵێت " چەندین داواکاری و بەرنامەم لە هەرێمی کوردستان پێشكەشکراوە، کە بەم نزیکانە لە شارەکانی هەولێرو موسڵ و سلێمانی چەند کارێکی هونەری ئەنجام دەدەین".
دەربارەی هۆکاری سەردانی بۆ شاری بەغدا نەسیر گوتی "سەردانی ئەمجارەم بۆ بەغدا لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە کە بەناوی "الق بغداد" بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی وەکو شەقامی رەشیدو مەیدانی کۆنی بەغدا دەستمان پێکردووە".
نەسیر شەممە جگە لەو پڕۆژەیە ئێستا لە بەغدا خۆی بۆ چەند پرۆژەیەکی هونەریش ئامادە دەکات، لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند "ئێستا ئامادەکاری بۆ رۆژی ئاشتی جیهانی دەکەین، کە دەکەوێتە رۆژی 1ی ئەیلولی داهاتوو، بۆیە کۆمەڵێک پڕۆژە بەم بۆنەیەوە لە بەغدا سەرەڕای هەبوونی شەڕو ناخۆشی ئەنجامدەدین".
نەسیر شەممە، لە ساڵی 1963 لە کوت لەدایکبووە، بەرەچەڵەک کوردی فەیلیەو خەڵکی خانەقینە، لە ساڵی 1987 لە بەغدا پەیمانگەی باڵای میوزیکی تەواوکردووە، دوای تەواوکردنی خوێندن، وەک باشترین ژەنیاری عێراق دیاریکرا، شەممە بە یەکێک لە ژەنیارە باڵاکانی ئامێری عود لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێت، لە چەندین وڵاتی عەرەبی خولی فێربوونی ئامێری عودی کردووەتەوە، کە بەناوی ماڵی عود ناوی دەرکردووە.