ئەیمەن زێدان لە سلێمانی؛ گەشتێک بەنێو یادەوەری و هونەرەکەیدا

26-03-2025
ئەیمەن زێدان، ئەستێرەی درەوشاوەی سووریایی و جیھانی عەرەبی
ئەیمەن زێدان، ئەستێرەی درەوشاوەی سووریایی و جیھانی عەرەبی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، میوانداریی ئەستێرەی درەوشاوەی سووریایی و جیھانی عەرەبی، ئەیمەن زێدانمان کرد. زێدان، کە خاوەنی پڕۆژەی رۆشنبیریی تایبەت بە خۆیەتی، لەلایەن پێشکێشکار، شاھی عەبدوڵڵا بە گەرمی پێشوازی لێکرا، ئەمەش یەکەم سەردانی نەبوو بۆ سلێمانی، بەڵکو پێشتر لە ساڵی 2019 بەشداریی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی کردبوو.
 
زێدان لەبارەی ھەستی خۆی بۆ سلێمانی گوتی، "ھەندێک شار ھەن لە یەکەم بینیندا عاشقیان دەبیت." ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، کورد رێزی زۆر لە ھونەر و ھونەرمەندان دەگرن، ئەمەش ھەستێکی زۆری سوپاسگوزاری لای ئەو دروست کردووە. 
 
گەشتەکەی زێدان سەردانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ کولتووری کوردی ئاشنا بێت. 
 
لەگەڵ فاتن ئەحمەد، رۆشنبیر و ھونەرمەندی کورد، سەردانی چایخانەی شەعبی کرد، کە شوێنێکی تایبەتە بە رووناکبیران و ھونەرمەندان. ھەروەھا سەردانی مۆزەخانەی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، مامۆستا ھاشم حەمە عەبدوڵڵا، گفتوگۆی لەبارەی مێژووی دامەزراندنی مۆزەخانەکە و بەشەکانی کرد.
 
زێدان لەبارەی کاریگەریی شەڕ لەسەر ژیانی ھونەری خۆی گوتی "شەڕ برینی قووڵی لە ناخی ھەموو کەسێکدا جێھێشتووە." ئەو لە ماوەی شەڕدا چوار کۆمەڵە چیرۆکی نووسیون و وەکو دەرهێنەر و ئەکتەر بەشداریی لە چەندین فیلمی دراماییدا کرد.
 
گوتیشی، ئەرکی ھونەرمەندانە ئەو رووداوانەی بەسەریان ھاتووە تۆماربکەن، بۆ ئەوەی نەوەکانی داھاتوو سوودیان لێوەربگرن.
 
فاتن ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا؛ ھەرێمی کوردستان ھەموو توانایەکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ گۆڕینی پاشماوەکانی وێرانی، گرتووخانە و مەرگ بۆ شوێنی پڕ لە ژیان. زێدان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا ھاوڕا بوو و گوتی، داگیرساندنەوەی مۆمی شادی و، دروستکردنەوەی باڵەخانە و رووبەری سەوزایی، لانیکەم رۆحی ئەو کەسانە ئاسوودە دەکات کە گیانفیداییان لەپێناو خاکدا کردووە.
 
زێدان جەختی لەوە کردەوە؛ بنیاتنانەوە تەنیا بە واتای بنیاتنانەوەی بەرد نییە، بەڵکو پێویستە مرۆڤیش دووبارە بنیات بنرێتەوە. ئەو گوتی، نەوەکانی کاتی شەڕ کاریگەریی خراپ لەسەر سیستمی ئەخلاقی و مەعریفییان ھەبووە، بۆیە ئەرکی ھەموومانە قسە لەبارەی بنیاتنانەوەی مرۆڤ بکەین.
 
لەبارەی پێکەنین و گرنگییەکەی لەم سەردەمەدا، زێدان رایگەیاند، "پێکەنین چی دیکە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ھونەرمەند ھەست دەکات بەرپرسیارە لەوەی بزە بخاتە سەر لێوی خەڵک." ئەو گوتی، قورسترین شت لە پیشەی ئەواندا ئەوەیە؛ ھەندێک جار ناچار دەبن دۆخی تایبەتی خۆیان لەبیر بکەن و بکەونە بەردەم بەرپرسیاریێتییەکی نوێ.
 
زێدان لەبارەی شانۆ و گرنگییەکەیەوە دەڵێت، ئەگەر ھونەرمەند وەفادار نەبێت بۆ شانۆ، ئەوا بەشێکی زۆر لە باڵانسی مرۆیی و مەعریفیی خۆی لەدەستدەدات. شانۆ، لە مێشکی ئەودا وەک ھونەرێکی میللـی ماوەتەوە، چونکە ھەموو ئەو شوێنەوارانەی لە شانۆوە بەجێماون، پلیکانەکانیان بەجۆرێکن جێی دەیان ھەزار کەسیان تێدا دەبێتەوە.
 
لە کۆتایی گەشتەکەیدا، زێدان سەردانی چەمی رێزانی کرد، کە شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشە. ئەو لەبارەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سرووشت دەڵێت، پەیوەندییەکی دووانەیە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە سرووشتی پیشەکەیان کەمێک ستەمکارە لەم بابەتەدا، چونکە کاتی زۆریان نییە بۆ چێژوەرگرتن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانا ئۆمەرخالی و راگەیێندراوی خەڵاتەکە

لەپێناو خزمەتی زمانی کوردی و کوردانی ئێزدی، خەڵاتی جەمال نەبەز بەخشرایە ژنێک

بەهۆی خزمەتی بە کوردانی ئێزدی و زمانی کوردی، دووەمین خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین، بەخشرایە ژنە توێژەرێک. رێکخەری دابەشکردنی خەڵاتەکە دەڵێت، "ئەوەی خەڵاتەکەی پێدەدرێت لە هەموو بەرهەمەکانیدا بایەخی بە ئێزدییەکان داوە".