فێرگەی لاوکی سەردەشت بەرهەمێک بەبۆنەی نەورۆز بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فێرگەی میوزیکیی لاوک لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، بەرهەمێکی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و فێرخواز و راهێنەرانی فێرگەکە؛ تێیدا بەشدارن.
محەممەد محەممەنەژاد ناسراو بە باهۆز، خاوەنی فێرگەی میوزیکیی لاوک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نوێترین بەرهەمیان بەناوی "نەورۆز" بڵاوکردەوە کە دووبارە گوتنەوەی بەرهەمێکی هونەرمەند کاوە بوو و 21 فێرخواز و راهێنەری فێرگەکەیان تێیدا بەشداربوون و شەهیار رەزایی و کێوین ئیبراهیمی گۆرانییەکە پێشکێش دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپەکە لە ناوچەی ئالانی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە و دیمەنی تاڤگەی رەزگە لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەبێتە شەشەمین ڤیدیۆکلیپی فێرگەکە.
فێرگەی میوزیکی لاوک بەر لە هەشت ساڵ دامەزراوە، تایبەتە بە میوزیک و دەنگبێژی و بە گوتەی خاوەنەکەی، بە بەردەوام 350 بۆ 600 فێرخوازیان هەیە.
باهۆز، روونیشیکردەوە، فێرخوازەکانیان فێری 24 ئامێری میوزیکی دەکەن و لە سەردەشت زیاتر خواست لەسەر ئامێری ڤایۆلین و ئامێرە کوردییەکانە، گوتیشی، زیاتر کار لەسەر ئەو فێرخوازانە دەکەن کە تەمەنیان لە ژێر 12 ساڵیدایە، چونکە باشتر فێردەبن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئێستا کار لەسەر بەرهەمێکی نوێ دەکەن، ئەویش دووبارە گوتنەوەی یەکێک لە بەرهەمەکانی هونەرمەند ناسر رەزازییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڵاوی دەکەنەوە.
لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران فێرگەی میوزیکی هەن و خواستێکی زۆر لەسەر فیربوونی ئامێرە میوزیکییەکان هەیە.