مەمەد ئەکتاش: خۆشحاڵم 'In The Blind Spot' له باشترین فێستیڤاڵ پێشان دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

مەمەد ئەکتاش, بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی 'In The Blind Spot' رایگەیاند، خۆشحاڵە که ئه‌م فیلمه کوردییه له به‌ڕلیناله پێشاندەدرێت
 
مەمەد ئەکتاش، بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی  'In The Blind Spot' لە دەرهێنانی ئایشە پۆلات، دەرهێنەری باکووری کوردستان، سه‌باره‌ت به به‌شداریی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه له بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس' لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، گوتی: "ئایشە پۆلات چوار ساڵ پێش ئێستا چیرۆکی سیناریۆکه‌ی هێنا و به‌ڕاستی زۆر حه‌زم لێیکرد. سیناریۆی ئه‌م فیلمه کوردییه له‌سه‌ر گرووپێکی تاریکه که له لایه‌‌ن حکومه‌تی تورکیاوه هاتوون که هه‌ندێک مافیایین و پارێزەرێکی کوردی مافەکانی مرۆڤ ده‌کووژن و تیمێکی رۆژنامه‌ڤانی ئەڵمانی به شوێن ئه‌م خاڵ و بواره‌دا ده‌ڕۆن و به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ن. چیرۆکی ئه‌م فیلمه له لایه‌ن چاوی منداڵێکه‌وه بۆ بینه‌ر ده‌گێردرێته‌وه، واتە له چاوی منداڵێکه‌وه کاره‌کانی ئه‌م گرووپه تاریکه ده‌رده‌که‌وێت".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "فیلمه‌که نه ته‌نیا مژاری خۆی به‌ شێوه‌ی ته‌کنیک باس ده‌کات، به‌ڵکوو به پڕێسپێکتیوی سێ کامێرا چیرۆکه‌که ده‌گێڕدرێته‌وه. من زۆر خۆشحاڵم فیلمەکە له یه‌کێک له باشترین فێستیڤاڵه‌کانی جیهان نمایش ده‌کرێت. ئایشە پۆلات، ده‌مێکی درێژه که هه‌واڵی نزیکی منه، ئه‌و بۆخۆی خه‌ڵکی شاری مەڵەتیی باکووری کوردستانه و له وڵاتی ئه‌ڵمانیا گه‌وره بووه و هه‌ر لێره سینه‌مای خوێندووه".
 
ئه‌م سینەماکاره کورده له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: "پێش فێستیڤاڵی بەرلیناله، ئایشە پۆلات له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆکاڕنۆ له سویسرا بوو و خه‌ڵاتی گه‌وره‌‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی وه‌رگرت. له‌ ناو سینه‌مای کوردیدا ده‌رهێنه‌ری ژنی کوردمان که‌م هه‌یه، که‌ ئه‌و یه‌کێک له‌وان".
 
ئه‌کتاش، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئەم بەرهەمە له بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس' Encounters لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، بەربژێری وه‌رگرتنی خه‌ڵات بوو و زۆر خۆشحاڵم که فیلمێکی کوردی له ده‌رهێنانی ژنێکی کورد، له فێستیڤاڵی بەرلیناله‌یه و ئێمه‌ش لێره له‌گه‌ڵ فیلمه‌که‌ین". 
 
بەرهەمهێنه‌ری فیلمی 'In The Blind Spot' سه‌باره‌ت به شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که گوتی: ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە شاری قەرس و بازیدی باکووری کوردستان و نزیک سنووری ئێران و به‌شێکی بچووکیشی له شاری هامبۆرگ له ئه‌ڵمانیا وێنەگیراوە. به‌داخه‌وه ئه‌وکات نه‌خۆشبووم و نه‌متوانی سه‌ردانیی ستافه‌که بکه‌م. به هاوکاری تیمێکی ئه‌ڵمانی و کوردی ئه‌و فیلمه‌مان ساز کرد. WDR و Arte دوو ته‌له‌ڤیزیۆنی گرینگی ئه‌ڵمانیا به‌شداری به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و فیلمه بوون. بوودجه‌ی ئه‌م فیلمه دوو ملیۆن یۆرۆ بوو و وه‌زاره‌تی کولتووری ئه‌ڵمانیا لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە".
 
ئه‌م سینه‌ماکاره به‌ئه‌زموونه‌ سه‌باره‌ت به گرینگی به‌شداربوونی فیلمەکە له فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین، گوتی: "سینه‌مای کوردی بۆته راستییەک و له ناو سینه‌مای جیهاندا وه‌کوو بزاڤێکی سینه‌مایی له ناو رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا گرنگی پێده‌رێت و به باشی ده‌یناسن. کۆمپانیای سینه‌مایی میتۆس فیلم تا ئێستا سێ جار فیلمه‌کانی ئێمه له فێستیڤاڵی به‌رلیناله‌ نمایشکراون. زۆر خۆشحاڵم ئه‌م فیلمه دوای به‌شداری له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین له لایه‌ن کۆمەڵێک فێستیڤاڵی جیهانییه‌وه بانگهێشتکراوه". 
 
مەمەد ئەکتاش، له کۆتایی چاوپێکه‌وتنه‌دا گوتی: "ئێمه وه‌کوو سینه‌ماکاری کورد به فیلمه‌کانمان له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین به‌شدارین، به‌ڵام به‌داخه‌‌وه ته‌له‌ڤیزیۆن و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه کوردییه‌کان لێره نین، ته‌نیا مه‌نسوور جیهانی وه‌کوو رۆژنامه‌ڤانی کورد لێرەیە". 
 
کۆمپانیای میتۆس فیلم بەرهەمهێنەری سەرەکی فیلمەکە و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای 'ئارت هوود ئینتەرتەیمنت'ـە.