لە هەولێر کورتە فیلمی 'ژان' پێشاندەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
'ژان' کورتەفیلمێکی کوردییە، تێیدا ماهیر حەسەن، ئەکتەری ناسراوی کورد رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و لە هەمانکاتتدا بەرهەمهێنەریەتی و بڕیارە لە هەولێر پێشانبدرێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2ـی ئازاری داهاتوو لە هۆڵی میدیای پێشاندانی دەستپێدەکات و رۆژانە دوو پێشاندانی دەبێت.
فیلمەکە پێشتر لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندراوە و لە دوای پێشاندانی لە سلێمانی، پلانی ئەوە هەیە، لە هەولێر، کەرکوک، کەلار، رانیە و چەند شارۆچکەیەک پێشانبدرێت.
فیلمەکە لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرایە و سیناریۆی فیلمەکە هەر لەلایەن لەیلا باغ پیرا ئامادەکراوە و ماهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدی بەرهەمهێنەری فیلمەکەن و ماوەکەی 32 خولەکە و 37 چرکەیە.
ماهیر حەسەن، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "'ژان' زۆر شتی لە ناخی مندا جێهیشتووە، بەڕاستی چیرۆکەکە کاری لێم کردووە، نامەوێت قسە لەسەر بیرۆکەی چیرۆکەکە و ناخی چیرۆکەکە بکەم، بە قەد ئەوەی دەمانەوێت بازانین ئەم کارەمان چۆن کردووە".
جگە لە ماهیر حەسەن، لەم بەرهەمەدا هەریەک لە هونەرمەندان مائێدە فەزلی، شیما مەلایی، ئەفشین خدری، نیشتمان رەسووڵ نژاد و ئەکرەم محەممەدی بەشدارن.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە رووداوێکی دەکات کە چەند مانگ لەمەوپێش روویداوە و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچێکی سێزدە ساڵانی بیرکۆڵ، دایک و باوکی تازە پێیان زانیوە، هەوڵدەدەن لەنێوی ببەن، بەڵام چارەنووسیان شتێکی دیکەیە.