ئاگرین دڵشاد لەڕێگەی گۆرانی 'شەڕی دونیا' خەڵاتێکی نێودەوڵەتی دەباتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئاگرین دڵشاد، لەڕێگەی گۆرانی 'شەڕی دونیا' بووە براوەی پێشبڕکێی گۆرانی نووسینی بەریتانیا.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمپانیای ئارتین کراون پڕۆدەکشن، رۆژی سێشەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2023، هونەرمەند ئاگرین دڵشاد وەک براوەی پێشبڕکێی گۆرانی نووسینی لە پۆلێنی جیهانی بۆ ساڵی 2022 راگەیاند، خەڵاتەکە بۆ گۆرانی 'شەڕی دونیا' بوو کە تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر ژیانی مرۆڤ و بوونەوەران.
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەکراوە: "ئاگرین بووە یەکەم گۆرانیبێژی کورد ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە بەدەستبێنێت، کە یەکێکە لە سەرکەوتووترین چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی گۆرانی نووسین لە جیهاندا".
 
ئاگرین دڵشاد، لەمبارەیەوە دەڵێت، گۆرانی'شەڕی دونیا گۆرانییەکی تایبەتە لای ئەو و وێنەدانەوەی کاریگەرییەکانی شەڕە لەسەر مرۆڤ بەتایبەتی منداڵان، هەروەها بوونەوەرانیش، کە هانم دەدات گۆرانی بۆ ئاشتی بڵێم و لە رێگەی کارەکانمەوە هەوڵێک بدەم بۆ چەسپاندنی'.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، پێشبڕکێی گۆرانی نووسینی بەریتانیا لە رێگەی دەزگا بەناوبانگەکانی میوزیک رێکدەخرێت، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی چالاکییەکە زیاتر لە سەت هەزار گۆرانی لە زیاتر لە 80 وڵاتەوە بۆ پێشبڕکێیەکەی نێردرابوون.
 
'شەڕی دونیا' لە شوباتی 2020 وەک بەشێک لە ئەلبومەکەی 'تێناگەی' بڵاوکرایەوە و پێشتر خەڵاتی پێشبڕکێی گۆرانی نووسینی جۆن لێنۆن
وەرگرتووە.