جلوبەرگی ئەندامانی گرووپی بی تی ئێس بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو

رووداو دیجیتاڵ

لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە بێڤەرلی هێڵز لە ئەمریکا، کەلوپەلی ژمارەیەک لە هونەرمەندان بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو، لەوانە جلوبەرگی ئەندامانی گرووپی (بی تی ئێس)ـی کۆری.
 
زیادکردنە ئاشکراکە رۆژی یەکشەممە 30-1-2022 لەلایەن دەزگای گرامی سازدەکرێت و داهاتەکەی بۆ دەزگای خێرخوازی (MusiCares) تەرخاندەکرێت و بۆ هاوکاری هونەرمەندان خەرج دەکرێت، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو هونەرمەندانەی ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوونە.
 
لە زیادکردنە ئاشکراکەدا، ئامێرێکی گیتارە کە واژۆی کیت ریچەرد، گۆرانیبێژی بەریتانی لەسەرە، هەروەها گیتارێکی دیکە کە واژۆی پۆل مەکارتنی، گۆرانیبێژی بەریتانی و ئەندامی پێشووی گرووپی بیتڵزی لەسەرە، بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو.
 
هەر لە زیادکردنە ئاشکراکەدا، جلوبەرگی حەوت ئەندامی گرووپی (بی تی ئێس) دەخرێنەڕوو کە لە ئاهەنگی گرامی پۆشیویانە، جگە لە جلێکی دۆلی پۆرتن، گۆرانیبێژی ئەمریکی.
 
زیادکردنە ئاشکراکە چەندین کەلوپەلی دیکەی هونەرمەندانی ناسراوی جیهان لەخۆدەگرێت و کەلوپەلەکان لە بێڤەرلی هێڵزن و بەشێوەی ئۆنلاین دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە.
 
گرووپی (BTS) لە 2010 لە کۆریای باشوور دامەزراوە و حەوت ئەندامی کوڕی هەیە، لە 2013 بەرهەمەکانیان بڵاوکردووەتەوە، ناوەڕۆکی گۆرانییەکانیان کۆمەڵایەتی و پەیوەندی کەسین، یەکەم ئەلبوومی گۆرانییان لە 2013 بەناوی 'Cool 4 Skool' بڵاوکردەوە.
 
لەرێگەی ئەلبوومی 'Love Yourself: Tear' بوونە یەکەم گرووپی کۆری، ناویان لە لیستی بیلبۆرد 200ـدا ناویان تۆماربکرێت، ئەولبوومی 'Wings'ـی ئەو گرووپە لە 2016 بڵاوکرایەوە و بووە یەکەم ئەلبوومی کۆرییە یەک ملیۆن کۆپی لە کۆریای باشوور لێ بفرۆشرێت و چەندین ریکۆردی نوێیان تۆمارکردووە.