'جوانیی شاراوەی عێراق' چوار خەڵات بەدەستدێنێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی "جوانیی شاراوەی عێراق" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، چوار خەڵاتی لە چوار فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەدەسدێنێت، لەوانەش خەڵاتی لیژنەی دادوەریی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی خریبگە لە مەغریب.
 
هەر بەم دواییە ئەم فیلمە خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی سەربەخۆی ڤالێنسیای لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا بەدەستهێنا. جگە لە خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی سینەمایی گەشتکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گەشتوگوزار کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی بابل لە عێراق.
 
ئەم بەرهەمە پێشتر خەڵاتی خەنجەری زێڕینی وەک باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مەسقەت لە عومان وەرگرت کە چالاکییەکانی لە 3-7ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو. هەروەها براوەی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردییە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک.
 
"جوانیی شاراوەی عێراق" لە دەستپێکی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دۆکڤێلا پێشاندراوە کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم لە بەلجیکا دەناسرێت، جگە لە پێشاندانی لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکە.
 
"جوانی شاراوەی عێراق" لەبارەی لەتیف عانی، فۆتۆگرافەری عێراقییە و بەشێکی زۆری دیمەنەکانی لە باشووری کوردستان وێنەگیراون، تێیدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی، لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندیی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
 
بەرهەمەکە لە 2020 لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی فیلمەکە، لە 18 تشرینی دووەمی 2021، لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغدا کۆچی دواییکرد.
 
لەتیف عانی سەردانی باشووری کوردستان کردووە و وێنەی زۆری گرتووە، لەوانە وێنەی سەرکردەکانی کورد.
 
"باوکی هونەری فۆتۆگرافی عێراقی" نازناوێکە خەڵک بە لەتیف عانیان داوە کە بە کامێراکەی ژیانی رۆژانەی لە عێراق و باشووری کوردستان تۆمارکردووە. 
 
سەهیم عومەر خەلیفە خەڵکی باشووری کوردستانە، دانیشتووی بەلجیکایە، لەرێگەی کورتە فیلمی "خاکی پاڵەوانان"، "مێسیی بەغدا" و "راوچیی خراپ" زیاتر لە 110 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەکاندا بەدەستهێناوە و دوو لە فیلمەکانی بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتەفیلم و ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا لە رووی وەرگرتنی خەڵاتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە