نمایشی شانۆگەریی "هاوژینی ژنەکەم" لە ئامەد کاردانەوەی لێکەوتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو کاژێر 20:15 خولەکی شەوی رابردوو لە هۆڵی شانۆی ئامەد، شانۆگەری "هاوژینی ژنەکەم" نمایش بکرێت کە لەلایەن نووسەری کرواتی میرۆ گاڤرانەوە نووسراوە. ژمارەیەک کەس هەڵیانکوتانە سەر باڵەخانەی شانۆی دەوڵەت و ناڕەزاییان دەربڕی.
 
هێرشەکە بەر لە دەستپێکردنی نمایشەکە بوو بە کاژێرێك، ئەو کەسانە چوونە بەردەم باڵەخانەکە، لە بەرامبەر نمایشکردنی شانۆگەرییەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ویستیان بچنە نێو هۆڵەکە. 
 
یەکێك لە کەسە ناڕازییەکان گوتی، "چۆن ژنێک دوو هاوژینی هەبێت؟ ئەمانە دژی داب و نەریتی ئێمەن". 
 
بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە پۆستەری شانۆنامەکە و ناو و دیمەنەکانی سەر پۆستەرەکە بێ ئاگاداری بەڕێوەبەری گشتیی شانۆی دەوڵەتی ئامەد گۆڕانکاری بەسەردا هات. ناوی شانۆگەرییەکە لە "هاوژینی ژنەکەم"ەوە گۆڕدرا بۆ "کۆمێدیای هاوسەرگیری". 
 
ئەو گۆڕانکارییانە تووڕەییەکانی کەم نەکردەوە، لە کاتێکدا نمایشی شانۆگەرییەکە بەردەوام بوو، ژمارەیەک خەڵکی ناڕازی لەبەردەم باڵەخانەکە درێژەیان بە گردبوونەوەکەیان دا. هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو رێوشوێنی ئەمنییان گرتەبەر. 
 
سەرۆکایەتیی رێکخستنەکانی ئامەدی هوداپار دەڵێت، "شانۆنامەی شانۆی بێ رەوشتی بە ناوی 'هاوژینی ژنەکەم' بە مەبەست پێکهاتە و بەها کۆمەڵایەتییەکانمان دەکاتە ئامانج. ئەم شانۆگەرییە کە نووسەرێکی کرواتی نووسیویەتی، گاڵتە بە بەها ئیسلامی و ئەخلاقییەکانمان دەکات و سووکایەتی پێدەکات".