ئالین گۆرانییەکی سریانی دەڵێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئالین هونەرمەندی کورد، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێیەوە گۆرانییەکی سریانی گوتووەتەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڵاوی دەکاتەوە.
ئالین، بە رووداوی راگەیاند، چوار پارچەی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بووە و جیاکاری نەکراوە. گوتیشی: "لە ژینگەیەکدا گەورە بووم؛ دۆستایەتی و هاوڕێیەتیم لەگەڵ کریستیانەکان هەبووە، ئەوەش وایکرد بە سریانی گۆرانی بڵێم".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گۆرانییەکە بەناوی "حۆن ئلی"یە و بە شێوازێکی نوێ و جیاواز پێشکێش بە کریستیانەکانی دەکات. هیوا دەخوازێت بە دڵیان بێت و پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لێدەکات.
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش، هیوای خواست هێزە کوردستانییەکان گوتاریان یەک بخەن و یەکگرتوو بن، چونکە ئەو بەشەی کوردستان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.
"حۆن ئلی" یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی جولیانا جندۆ، هونەرمەندی ئاشوورییە.
کاری دابەشکردنی میوزیکی گۆرانییە نوێیەکە لەلایەن مەمۆ گوڵ کراوە هونەرمەند هەژار دهۆکی کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.
ئالین، دوای چەند ساڵێك دابڕان لە کاری هونەری، لە 2022ـەوە دووبارە دەستی بەکاری هونەری کردووەوە و چەند بەرهەمێکی نوێی بەرهەمهێناوە.
لە منداڵییەوە گۆرانی نەتەوەیی و فۆلکلۆری گوتووە، لە 2007 یەکەم ڤیدیۆکلیپی بە ناوی "من بهستی تو نەخوەشی" بەشێوەی دوێت لەگەڵ هونەرمەند خێرۆ عەباس بڵاوکردەوە، خاوەنی سێ ئەلبووم و 25ڤیدیۆکلیپە و بە شەش زمانی کوردی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەنی گۆرانی گوتووە.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە 2014 ڤیدیۆکلیپی "پێشمەرگە" و لە 2017 ڤیدیۆکلیپی "ریفراندۆم"ـی بڵاوکردەوە.