کتێبی "ئەدەب و دەوروبەر" چاپ و بڵاوکرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسەر و توێژەرێکی کورد، کتێبێک بە ناونیشانی "ئەدەب و دەوروبەر" چاپ و بڵاودەکاتەوە. دەڵێت، "لەم کتێبەدا، ئەو بوار و بابەتانەی پەیوەندییان بە ئەدەبیاتەوە هەیە، جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەدەب دا خراونەتەڕوو."
 
سەنگەر زراری، نووسەر و توێژەر، ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی 11ـی 2024، بە رووداوی گوت: "ئەم کتێبەم پەیوەندیی بە ئەدەب و زۆربەی کایەکانی دیکەی ژیانە، هەڵبەت هیچ بوارێک لە ژیاندا نییە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندیی بە ئەدەبەوە نەبێت، ئەمەش نیشانەی دەستکراوەیی ئەدەبە، هەر بۆیە لەم کتێبەدا، زۆربەی هەرە زۆری ئەو بوار و بابەتانەی پەیوەندییان بە ئەدەبیاتەوە هەیە جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەدەبدا خراونەتەڕوو."
 
بە گوتەی نووسەری کتێبی ئەدەب و دەوروبەر، "سەرەکیترین بابەتەکانی نێو کتێبەکە پەیوەستن بە مێژووی سەرهەڵدانی ئەدەبیات، ناونیشان و دەقی ئەدەبی، ئەدەب و رەخنەی ئەدەبی، شیعری فێرکردن، ئایین و ئەدەب، ئەدەب و فەلسەفە؛ یاخود ئەدەب لە سەردەمی دیجیتاڵدا، ئەدەبیات و پرسی هەڵەچنی و پێداچوونەوەی زمانەوانی و.."
 
سەنگەر زراری ئەوەی روونکردەوە: "هەر یەکە لەم بابەتانە، بە بەشێکی سەربەخۆ خراونەتەڕوو و بەپێی جۆری پەیوەندییەکەیان لەگەڵ دنیای ئەدەبیدا بە وردی شرۆڤە کراون." دەشڵێت: "دەزگای فام چاپ و بڵاوی دەکاتەوە، 400 لاپەڕەیە بە قەبارەی 14 بە 21 سانتیمەتر. چاپی یەکەمە و لە تاران چاپ کراوە." 
 
سەنگەر رەمزی ناسراو بە سەنگەر زراری، لەدایکبووی 1981ـە لە هەولێر. لە ساڵی 2002ـەوە دەستی بە نووسین کردووە، دەرچووی ساڵی 2004 – 2005ـی بەشی راگەیاندنی پەیمانگای تەکنیکی هەولێرە. چەند بەرهەمێکی چاپ کردووە لەوانە: 
 
- هونەری رۆمان
- هونەری ژیاننامە
- کورتە چیرۆک و مەرجەکانی (وەرگێڕان)

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە