جۆیس بلەو لە تەمەنی 92 ساڵی دا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
د. جۆیس بلەو، نووسەر، زمانناس و شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی لە تەمەنی 92 ساڵی دا کۆچی دواییکرد.
جۆیس لە ساڵی 1932 لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایکبووە و لە زانکۆی سۆربۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە زمانی کوردی بەدەستهێناوە. هەروەها بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کوردی بوو لە پاریس.
لە ساڵانی 50ـەکان دا چووەتە فەرەنسا و دەستی بە فێربوونی زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی کردووە.
هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری (Kurdish Studies) بووە لە پەیمانگەی نەتەوەیی زمان و شارستانیی رۆژهەڵات (INALCO) و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئینستیتیوتی کوردی.
جۆیس خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە، کە دیارترینیان فەرهەنگی زمانی کوردی/ فەرەنسی/ ئینگلیزییە.
جۆیس فەرهەنگێکی دیکەشی کوردی-فەرەنسی نووسیوە و چەندین بەرهەمی دیکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لە 13ـی ئایاری رابردوو، بە بەشداریی جۆیس خۆی، لەسەر قەڵای هەولێر، کتێبخانەی جۆیس بلەو کرایەوە.
بەشێک لە بەرهەمەکانی جۆیس بلەو ئەمانەن:
- پرسی کورد، لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، ساڵی 1963
- کوردانی ئامادە و چیای شنگال – شیکاری زمانەوانی و دەقە فۆلکلۆرییەکان (1975)
- جووەکانی کوردستان (1985)
- کەلەپووری کوردی (2012)