لەیدی گاگا ئەلبوومێکی تایبەت بە فیلمی 'Joker' بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لەیدی گاگا، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی، ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بەناوی "Joker" بڵاودەکاتەوە و تایبەتە بە بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "Harlequin" کە رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە.
 
گاگا، لە هەژمارە تایبەتەکەی لە ئینستگرام؛ پۆستەری ئەلبوومەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لە 27ـی ئەیلوول بڵاودەکرێتەوە.
 
ئەلبوومی نوێی گاگە، 13 تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت و وردەکاری کەمی لەبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
بەشی دووەمی "Joker"
 
بەشی دووەمی فیلمی "Joker" بەناوی "Joker: Folie à Deux"ـە، بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برۆسە و لە نیسانی 2024 یەکەم پۆستەری فیلمەکە بڵاوکرایەوە.
 
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە بوو کە داهاتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 55 ملیۆن دۆلارە.
 
لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەک لە خواکین فێنێکس و لەیدی گاگا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەگیراوە، چونکە ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری لێخۆشبوونی باجی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە بڕی 12.6 ملیۆن دۆلار دا.
 

بەشی یەکەمی "Joker"
 
"Joker" لە جۆری فیلمی دەروونیی ھەستبزوێنە، لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی تۆد فیلیپسە و لەگەڵ سکۆت سیلڤەریشدا سیناریۆکەی نووسیوە. 
 
فیلمەکە لەبارەی جۆکەرە و چیرۆکی بنەچەیی کارەکتەرەکە دەخرێتەڕوو و رووداوەکانی لە 1981 روودەدەن.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 76مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز لە 31ـی ئاب 2019 پێشاندرا، خەڵاتی شێری زێڕینی بەدەستهێنا و لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا.
 
"Joker"، لە 92مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بۆ 11 خەڵات بەربژێر بوو و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بەدەستبێنێت.
 

لەیدی گاگا
 
لەیدی گاگا، لە 28ـی ئاداری 2024 لە ئەمریکا لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەرە، لە تەمەنی نەوجوانییەوە گۆرانیی گوتووە و لە بەرهەمە شانۆییەکانی قوتابخانە رۆڵی گێڕاوە، یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆی بەناوی "The Fame" بڵاوکردووەتەوە. زیاتر لە 170 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون. براوەی یەک خەڵاتی ئۆسکار، 13 خەڵاتی گرامی، دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و 18 خەڵاتی ئێم تیڤیی ڤیدیۆکلیپە.
 
لە 2015 بۆ 2016 رۆڵی لە کورتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "American Horror Story: Hotel"ـە گێڕاوە، ئەمەش یەکەم دەرکەوتنی بوو وەک ئەکتەر، لە 2018 لە فیلمی "A Star Is Born" رۆڵی سەرەکی گێڕا و بەهۆیەوە وەک ئەکتەر ناوبانگی پەیداکرد.
 
لە رێگەی گۆرانیی "Shallow" کە لە فیلمی "A Star Is Born" پێشکێشیکرد، خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا، دواتریش خەڵاتی بافتا، گۆڵدن گڵۆب و گرامی بەدەستهێنا، بەمەش بووە یەکەم هونەرمەندی ژن ئەو چوار خەڵاتە گرنگە لە یەک ساڵدا بەدەستبێنێت. لە فیلمەکانی دیکەی ئەو ئەکتەرە، "Love for Sale" و "House of Gucci" لە 2021.
 
گاگا چالاکی و کاری خێرخوازی بۆ هۆشیاریی تەندروستیی دەروونی و مافی هاورەگەزخوازەکان ئەنجام دەدات. خاوەنی رێکخراوێکی قازانج نەویستە بەناوی "Born This Way" و گرنگی بە تەندروستیی گەنجان دەدات. لە 2019 براندێکی تایبەت بە جوانکاریی ژنان خستە بازاڕەوە کە پێکهاتەکانی رووەکین.
 

خواکین فینێکس
 
خواکین فینێکس لە 28ـی تشرینی یەکەمی 1974 لە ئەمریکا لەدایکبووە، بە رۆڵگێڕانی کارەکتەری نامۆ و نا ئاسایی لە فیلمە سەربەخۆکاندا، ناوبانگی پەیداکرد، بەتایبەتیش لە دراما مێژووییەکاندا. جگە لە خەڵاتی ئۆسکار، براوەی خەڵاتی گرامی و گۆڵدن گڵۆبە. لە 2020 و دوای گێڕانی رۆڵی جۆکەر، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ناسناوی "یەکێک لە گەورەترین ئەکتەرەکانی سەدەی 21"ـی پێدا. 
 
دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لە جیهانی هونەردا، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو بوو لە رێگەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، یەکەم دەرکەوتنی لە سینەمادا لە فیلمی "SpaceCamp" بوو لە 1986، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ناوبانگی پەیداکرد، بەتایبەتیش بۆ رۆڵگێڕانیی لاوەکیی لە فیلمی "SpaceCamp" لە 1986 و "Parenthood" لە 1989 و رەخنەگرانی سینەما ستایشیان کرد.
 
یەکێک لە سەرکەوتووترین فیلمەکانی "Gladiator"ـە لە 2000، تێیدا رۆڵی کۆمۆدۆسی گێڕاوە. دواتر لە فیلمە ترسناکەکانی "Signs" لە 2002 و "The Village" لە 2004 سەرکەوتنی زیاتری بەدەستهێناوە. یەکێکی دیکە لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی فیلمی مێژوویی "Hotel Rwanda"یە کە براوەی خەڵاتی گرامی و گۆڵدن گڵۆبە، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی بایۆگرافی "Walk the Line" لە 2005 بەربژیری خەڵاتی ئۆسکار بوو بۆ باشترین ئەکتەر. 
 
دوای پشوودانێکی کورت، دواتر بە رۆڵگێڕان لە فیلمی درامای دەروونناسی "The Master" لە 2012ـدا گەڕایەوە و بۆ جاری سێیەم بەربژێری ئۆسکار کرا. 
 
دەرکەوتنی هەرە بەهێزی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی فیلمی "Joker" بوو لە 2019 کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدەستهێنا، بەهۆیەوە یەکەم خەڵاتی وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا. دوای ئەوەش لە فیلمی "Beau Is Afraid" لە 2021، فیلمی "Beau Is Afraid" و فیلمی "Napoleon" لە 2023 رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
 
فینێکس، چالاکوانی مافی ئاژەڵە، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە رووەکخۆرە، پاڵپشتی پرسە خێرخوازییەکان دەکات و چەندین بەڵگەفیلمی لەبارەی بەکارهێنانی گۆشتی ئاژەڵان و کاریگەری لەسەر ژینگە بەرهەمهێناوە. پەیوەندی لەگەڵ رۆنی مارا، ئەکتەری سینەمایی هەیە و خاوەنی دوو منداڵان.