داوا دەکرێت جێرارد دوپاردیۆ بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی دادگەیی بکرێت

25-08-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن جێرارد دوپاردیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی داواکاری گشتی لە پاریس، داوای دادگاییکردنی جێرارد دوپاردیۆ، ئەکتەری فەرەنسی دەکات، بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنی سێکسی بەرامبەر بە کچە ئەکتەرێکی گەنج لە 2018.
 
دوپاردیۆ، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی سینەمای فەرەنسایە و ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
 
شارلۆت ئارنۆ، ئەکتەری کەنەدی، لە 2018 کاتێک تەمەنی 22 ساڵ بوو، یەکەم سکاڵای لە دژی دوپاردیۆ تۆمارکرد، گوایە لە دوو بۆنەی جیاواز لە ماڵەکەیدا لە پاریس، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری. 
 
ئەو ئەکتەرە گەنجە، لە 2020 بۆ جاری دووەم سکاڵای لەسەر ئەو ئەکتەرە فەرەنسییە تۆمارکرد، دوای ئەوەی سکاڵای یەکەمی رەتکرایەوە.
 
داوکاری گشتی پاریس، داوای کردووە دوپاردیۆ لە بەردەم دادگە ئامادە بێت، بەڵام پێویستە دادوەری لێکۆڵینەوە ئەم بڕیارە دەربکات.
 
جێرارد دوپاردیۆ (75 ساڵ) لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین جار تۆمەتی درستدرێژی سێکسیی خراوەتە پاڵ، بەڵام ئەو بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە ئەو ئەکتەرە فەرەنسییە لە تشرینی یەکەمی 2024 لە بەردەم دادگە ئامادە بێت، بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر دوو ژن لە کاتی وێنەگرتنی فیلمێک لە 2021.
 
جێرارد دوپاردیۆ، بە یەکێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی فەرەنسا هەژمار دەکرێت و براوەی دوو خەڵاتی سیزاری فەرەنسییە وەک باشترین ئەکتەر، جگە لە کاری ئەکتەری، دەرهێنەری چەند فیلمێکیشە، هەروەها خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێناوە و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە