هونەرمەند سەعید یوسف بۆ (رووداو): ئومێدەوارم بەر لە مردنم كوردستانێكی سەربەخۆ ببینم

25-08-2017
دلخواز بهلوي
نیشانەکردن سەعید یوسف
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەعید یوسف نزیكەی نیو سەدەیە هۆنراوە دەنووسێ‌، ئاواز دادەنێ‌ و گۆرانی دەڵێت. لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا تیپێكی میوزیكی لە لوبنان دامەزراند. ئەو كە خاوەنی گۆرانییەكانی "قامیشلۆ باژێڕی ئەڤینە، كوردستان یان نەمان، چاوا تێ هەری، چاندا، ئەی فەلەك"ە. یەكەم كەس بووە ئامێری موزیكی "بەزق"ی هێناوەتە رۆژئاڤای كوردستان. 

زیاتر لە 25 خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە بواری هونەر بەدەستهێناوە. ئێستا هۆبەیەك لە زانكۆی ئۆبسالا لە سوید، وێنەی موزیكژەن سەعید یوسفی لەسەرە. قەوانێكی كۆنی زێڕین بە نەخش و نیگاری رووخسار و ناوی سەعید یوسف، لەلایەن رێكخراوی یونسكۆ لە پاریس لە ساڵی 1973 دروستكراوە. هەروەها پەیكەرێكی برۆنز بۆ ئەو هونەرمەندەی كورد لەلایەن پەیمانگەیەكی میوزیك لە نەرویج دروست كراوە. ئامێرێكی موزیكی "بەزق" كە موڵكی موزیكژەنی بەناوبانگ محەممەد عەبدولكەریمە، وەسیەتی كردووە بیدەنە سەعید یوسف.

ئەو هێشتا لە قامشلۆ دەژیت، بەڵام نزیكەی هەشت مانگە بۆ چارەسەر چووەتە ئەڵمانیا و (رووداو) لە رێی تەلەفۆنەوە ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ سازكرد.

رووداو: لەسەرەتای كاری هونەریتدا پەیوەندییەكی باشت لەگەڵ شاعیری كورد جگەرخوین هەبوو، چۆن باسی ئەو پەیوەندییە دەكەی؟

سەعید یوسف: پەیوەندیمان لەسەر بنەمای رێزگرتن و خۆشەویستییەكی پتەو بوو. چەند جارێك داوای لێكردم ئاواز بۆ شیعرەكانی دابنێم و بیكەمە گۆرانی، شیعرەكانی لە ئاستێكی زۆر بەرز بوون و كێش و سەرواكانی زۆر جوان بوون، گوتم 90%ی شیعرەكانت ناكرێ ئاوازیان بۆ دابنرێ، چونكە ئاوازەكانیان لە خۆیانە. ئەم شیعرانە بۆ گۆرانیگوتن ناشێن. سەرەتا ئاوازم بۆ دوو شیعری دانا لەوانە شیعری "گاڤا سەحەر". رۆژێكیشیان لە دانیشتنێكی تایبەتی پێیگوتم كەس ناتوانێت ئاواز بۆ شیعرەكانم دابنێت جگە لە تۆ. 

رووداو: ئەی پەیوەندیت لەگەڵ محەممەد شێخۆ چۆن بوو، دەگوترێ‌ ئەستێرەی هونەریی ئەو بەهۆی تۆوە درەوشایەوە؟

سەعید یوسف: من بەپێی توانا هەوڵمدا یارمەتی بدەم، بۆیە تیپی موزیكی "نەورۆز"م بۆ دامەزراند لە بەیروت. محەممەد شێخۆ ژەنیاری تەمبوور بوو، دواتر گەڕایەوە قامشلۆ و زۆربەی گۆرانییەكانی چڕیم وەك "كێ دنیا هەژاند" و "وا خورتی سەرباز". دوای كۆچی دوایی ئەو، ئینجا خەڵك بەهای محەممەد شێخۆیان زانی، بەڵام بەداخەوە كە گۆرانییەكانی دەچڕیم، ناوی منی نەدەهێنا و نەیدەگوت ئەمە شیعر و ئاوازەكانی سەعید یوسفە. 

رووداو: ئەی ئارام تیگران؟

سەعید یوسف: پەیوەندییەكی زۆر تایبەتم هەبوو لەگەڵی و رێزی زۆری یەكدیمان دەگرت، داوای شیعرێكی لێكردم و منیش ئاوازم بۆ دانا و دواتر نەمبینییەوە. 

رووداو: دەیان گۆرانیی سۆزداریت چڕی، بەڵام لە هەمانكاتیشدا گۆرانی نەتەوەییت هەبوو. كەی و لە كوێ یەكەم گۆرانیی نەتەوەییت چڕی؟ 

سەعید یوسف: دەیان گۆرانیی خۆشەویستی و چیرۆكی عەشق و جوانیم هەیە. هەروەها لەبارەی ئافرەت و رۆڵی لە كۆمەڵگە و تێیدا باسم كردووە كە رۆڵی ئافرەت هێندەی پیاو بەهێزە. وێڕای سەختی و دژواریی دۆخی ئەوسا بەڵام چەندین گۆرانی نەتەوەییم چڕیوە، لەوانەش "كوردستان یان نەمان" و "كوردستان پڕ شیرینە" و "كێ دنیا هەژاند".

رووداو: گۆرانییەكت لەسەر مەلا مستەفا بارزانی گوتووە، تاكە گۆرانییە كە بۆ سەركردەیەكی كوردت چڕیوە، بۆچی گۆرانییەكی دیكەت نەگوت بۆ سەركردەیەكی دیكەی كورد؟

سەعید یوسف: ئەگەر سەرجەم دیوانە شیعرییەكان بكەمە گۆرانی، هێشتا مافی مەلا مستەفام پێ نادرێت. مەلا مستەفا بارزانی، فێری كوردایەتی كردین لەو كاتەی بەدوای شوناسی خۆماندا وێڵ بووین و فێری ئازادی و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی كردین. فێری كردین كە ئێمە گەلێكی زۆر بەهێز و مەزنین. مافی ئەوەمان هەیە وەك مرۆڤ بژین. مافی ئەوەمان هەیە لە خاك و نیشتمانمان بەئازادی و ئاشتەوایی بژین. دەتوانم بڵێم ئەو پێشەنگی من بووە، بۆیە چل ساڵ لەمەوبەر گۆرانیم بۆ چڕیوە. 

رووداو: هیچ پەیوەندییت لەگەڵ هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان هەیە؟ 

سەعید یوسف: بەداخەوە پەیوەندیم لەگەڵ هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان سنووردارە، چەند كەسێكیان دەناسم بەهۆی سەردانیكردنیان بۆ رۆژئاڤا، منیش سەردانی هەرێمی كوردستانم نەكردووە، چونكە تاوەكو ئێستا نە لەلایەن حكومەت و نە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانەوە بانگهێشت نەكراوم. لە ئەوروپا چاوم بە چەند هونەرمەندێكی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

رووداو: بۆچی گۆرانیت بە شێوەزاری سۆرانی نییە؟

سەعید یوسف: لەبارەی گۆرانی بەشێوەزاری سۆرانی، حەسەن زیرەك شیعرێكی سۆرانی پێدام بۆ ئەوەی ئاوازی بۆ دابنێم، بەڵام بەو شێوەزارە گۆرانیم نەچڕی. 

رووداو: هەرێمی كوردستان هەنگاو بۆ گشتپرسیی دەنێت. هەست و هەڵوێستت چۆنە، لەمبارەیەوە هیچ چالاكییەكت دەبێت؟ 

سەعید یوسف: هەستی من جیاواز نییە لە هەستی هەر كوردێك كە خەون بە دەوڵەتی كوردستانەوە دەبینێت، چونكە كوردستان نوری چاومانە و ئامانجە گەورەكەمانە كە چەندین ساڵە كاری بۆ دەكەین. بۆ ئەو مەبەستە خەبات دەكەین و هیوادارم ئەو رۆژە بێت، ملیۆنان كورد بەرەو سندووقی دەنگدان بچن و بە "بەڵێ" دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن. ئومێدەوارم بەر لەوەی گیان بسپێرم، كوردستانێكی سەربەخۆ ببینم. نزا بۆ یەزدانی مەزن دەكەم ئەم خەونەم بێنێتەدی. دوو گۆرانیم ئامادە كردووە، یەكێكیان كوڕە گەورەكەم و دووەمیشیان كوڕە بچووكەكەم دەیچڕن.   


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە