رووداو دیجیتاڵ
بەر لە پێنج ساڵ بەشی یەکەمی فیلمی "Joker" خەڵاتی شێری زێڕینی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بەدەستهێنا، رێکخەرانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە ناوی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی ئەمساڵیان راگەیاند و بەشی دووەمی کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە دەکات.
ترەیلەری فیلمی "Joker: Folie à Deux" لە دەرهێنانی تۆد فیلیپس، لەم هەفتەیەدا بڵاوکرایەوە و پێشبینی دەکرێت وەک بەشی یەکەم پێشوازییەکی باشی لێبکرێت.
لە 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس، ژمارەیەک فیلمی نوێی ئەستێرەکانی جیهان بەشدارن، لەوانە ئەنجلینا جولی، جۆرج کلۆنی، براد پیت، نیکۆڵ کیدمان و دانیێل کریگ.
لە فیلمی "Maria" ئەنجلینا جولی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و لە بەشی کێبڕکێی فێستیڤاڵەکەدایە، هەروەها فیلمی "Wolfs" لە دەرهێنانی جۆن واتس، هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود جۆرج کلۆنی و براد پیت کۆدەکاتەوە و فیلمەکە لە دەرەوەی پێشبڕکێدایە.
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا، حەوت ئەڵقە لە زنجیرەی " Disclaimer" بەرهەمی ئەپڵ پڵەس، بۆ یەکەمجار پێشاندەدرێن.
پێشبینی دەکرێت خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە کەشێکی گەرم و گوڕتری هەبێت، چونکە لە خولی رابردوو، بەهۆی مانگرتنی ئەکتەر و نووسەرانی هۆلیوود، ژمارەیەکی کەم ئەکتەر ئامادەبوون.
ڤێنس بە وێستگەیەکی گرنگ بۆ فیلمە بەشداربووەکان هەژمار دەکرێت، چونکە پاڵنەر و هۆکارێکە بۆ بەشداربوون و بەدەستهێنانی خەڵات لە فێستیڤاڵەکانی پاییز، لەوانەش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نیویۆرک.
چالاکییەکانی 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی ئەمساڵ بە فیلمی "Beetlejuice, Beetlejuice" دەستپێدەکات و تاوەکو 7ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمەیە کە داهاتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 55 ملیۆن دۆلار بوو.
لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەدا، خواکین فێنێکس و لەیدی گاگا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەگیراوە، بەهۆی ئەوەی ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری لێخۆشبوونی باجی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە بڕی 12.6 ملیۆن دۆلار دا.
"Joker" لە جۆری فیلمی دەروونیی ھەستبزوێنە، لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی تۆد فیلیپسە و لەگەڵ سکۆت سیلڤەریشدا سیناریۆکەی نووسیوە.
فیلمەکە لەبارەی جۆکەرە و چیرۆکی بنەچەیی کارەکتەرەکە دەخرێتەڕوو و رووداوەکانی لە 1981 روودەدەن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 76مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 31ـی ئاب 2019 پێشاندرا، خەڵاتی شێری زێڕینی بەدەستهێنا و لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا.
"Joker" لە 92مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بۆ 11 خەڵات بەربژێر بوو و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ