دینا: بەبێ هەڵكەوت زاهیر كار نەكەم

25-07-2018
دەرباز یونس
نیشانەکردن دینا
A+ A-

رووداو – هەولێر

بە نوێترین قوتابی هەڵكەوت زاهیر دەناسرێت، ئەلبوومێكی گۆرانی لە ماوەی رابردوودا بڵاوكردەوە، ئێستاش كار بۆ چەند بەرهەمێكی سینگڵ دەكات، دینا كە دانیشتووی شاری هەولێرە، بە چەند كلیپێك وەك زۆربەی كچەكانی دیكە بە ئاسانی ناسرا، ئەو دەڵێت هەموو كارەكان و سەركەوتنەكانی بەهۆی هەڵكەوت زاهیرەوەیە و بەبێ ئەو بەردەوام نابێت. دینا لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو)ی دایەوە.

رووداو: ئەلبوومێكی گۆرانیت بڵاوكردەوە، پێشوازی خەڵكی لە ئەلبوومەكە چۆن بوو؟

دینا: زۆر باش بوو، دڵخۆش بووم بەو پێشوازییەی لە ئەلبوومەكەم كرا، سوپاسی هەموو هەوادارانم دەكەم و هیوادارم كارەكانیان بەدڵ بووبێت.

رووداو: پێتوانەبوو زۆر زوو بوو بۆ بڵاوكردنەوەی ئەلبوومی گۆرانی؟

دینا: نەخێر، ئەلبووم وەك ناسنامەی گۆرانیبێژ وایە، تۆ لە هەر شوێنێك كە لێت بپرسن تۆ كێی؟ ناسنامەكەتی نیشان دەدەی، هونەرمەند دەبێت ئەلبوومەكەی نیشانبدات، بۆیە هەر هونەرمەندێك ئەگەر بڕیاری دا لە كاری هونەری بەردەوام بێت و هونەر بكات، دەبێت بیر لە بڵاوكردنەوە و ئامادەكردنی ئەلبوومی گۆرانی بكاتەوە.

رووداو: چۆنە هەموو كارەكان لەلایەن هەڵكەوت زاهیرەوە كراون؟

دینا: ئەگەر ئەو نەبێت من ناتوانم كار بكەم، مامۆستا هەڵكەوت زاهیر زۆر زیرەك و پرۆفیشناڵانە كار دەكات. لە پشتی هەموو سەركەوتن و كارەكانی منەوە ئەو هەیە، من زۆر دڵخۆشم كە لەگەڵ ئەو كار دەكەم، بڕیاریشم داوە لەگەڵ ئەو بەردەوام بم.

رووداو: لە چەند ئاهەنگێكی تایبەتدا گۆرانیت گوتووە، بەنیاز نیت كۆنسێرت بكەی؟


دینا: حەزم لە كۆنسێرتە، مەبەستمە لە نزیكەوە لەگەڵ هەوادارانم ئاشنا بم و گۆرانییان بۆ بڵێم، بەڵام بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرتی گەورە پێموابێ جارێ زووە، هەوڵ دەدەم زیاتر كار بكەم، ئینجا بیر لە كۆنسێرتیش دەكەمەوە.

رووداو: لە چەند ئاهەنگێكی تایبەت لەم دواییەدا گۆرانیت بە زمانی عەرەبی گوت، حەزت لە گۆرانیی عەرەبییە؟

دینا: من هەر لە منداڵییەوە گوێ لە گۆرانیی عەرەبی دەگرم، بە زۆر هونەرمەندی عەرەب سەرسامم، گۆرانی عەرەبیشم تۆماركردوون و كلیپیان دەكەم.

رووداو: كاردانەوەی خەڵكی چۆن بوو بۆ گۆرانیی عەرەبی؟


دینا: خەڵكی ئێرەش حەز بە گۆرانیی عەرەبی دەكەن، دواتر ئەگەر بیر لەوەش بكەینەوە بچینە دونیای میوزیك و هونەری عەرەبی خراپ نییە، من بیر لەوە دەكەمەوە، بۆیە گۆرانیی عەرەبی دەڵێم.

رووداو: لە سۆشیالمیدیا زۆر نزیكی لە خەڵك، رۆژانە وێنە و ڤیدیۆ بڵاودەكەیتەوە، كاردانەوەی هەوادارانت بۆ چالاكییەكان چۆنە؟

دینا: بەڵێ حەزم لە سناپ چات و ئینستاگرامە، رۆژانە بەكاریاندەهێنم و لەگەڵ هەوادارانم نامە دەگۆڕمەوە.

رووداو: لە ئینستاگرام داوای خۆشەویستی و هاوسەرگیریت لێناكەن؟

دینا: بێگومان، ئەو جۆرە نامانە بۆ هەموو كچێك یان كوڕێك دێن كە دەربكەون، ئاسایی وەریاندەگرم و بە سوپاس بۆ خۆشەویستییان، یان بەڕێزەوە وەڵامیان دەدەمەوە.



رووداو: لە رەمەزاندا بە لەچكەوە گۆرانیت گوت، ئەمە تا چەند لە كەسایەتیی خۆت نزیك بوو؟

دینا: هەموو رەمەزانێك رۆژووم گرتووە و هەموو رەمەزانێكیش لەچكم لەسەر كردووە، بەدڵنیاییەوە هیچ كارێك ناكەم ئەگەر لە كەسایەتی خۆمەوە نزیك نەبێت.



رووداو: لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەلبوومی دیكەت دەبێت؟

دینا: بەڵێ بۆ نا، ئێستا چەند بەرهەمێكی سینگڵ ئامادە دەكەین، ئەم بەرهەمانە دواتر دەبنە ئەلبوومێكی گۆرانی، هیوادارم باشترین بەرهەم پێشكەشی خەڵكی بكەین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە