سەختییەکان بەردەم ژنی کورد لە فیلمێکدا دەخرێنەڕوو

25-06-2024
پەسار فایەق
دیمەنێک لە کورتە فیلمی "ژن"
دیمەنێک لە کورتە فیلمی "ژن"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک فیلمسازی گەنج لە هەورامان و هەڵەبجە، کورتە فیلمێک بەناوی "ژن" بەرهەم دێنن، تێیدا باس لە چیرۆکی پڕ ئازاری ژنێک دەکات.
 
ژیوار محەممەد، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، دووبارە گەنجانی هەڵەبجە و هەورامان وەک ساڵانی رابردوو، بەرهەمێکی نوێی دیکەی سینەمایان بەرهەمهێناوە و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان لەناوچکە بەردەوامە". 
 
گوتیشی: "دەمانەوێت سینەما پێگەی خۆی لەم شارە هەبێت، هەرچەند سەختییەکان لێره لەچاو شوێنەکانی دیکە، لە هەموو روویەکەوە زۆر زۆر سەختترن".
 
لە فیلمەکەدا زریان حەکیم و گوڵچین عەبدوڵڵا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن. وێنەگرتنی لەلایەن موختار حەبیب و مۆنتاژی لەلایەن شەماڵ ئەنوەر کراوە.
 
نووسەری چیرۆکی فیلم، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژنێکی بە تەمەن دەکات، رابردوویەکی پڕ لە ئازار، ناخۆشی، نەھامەتی و رەنج و سەختی بۆ ژن بە دی دەکات.
 
روونیشیکردەوە، کارەکانی فیلمەکە تەواو بووە و بڕیارە بۆ فێستیڤاڵە سینەماییەکانی بنێردرێت و ترەیلەرەکەی بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاودەکاتەوە. هیواخوازیشە، پاڵپشتی بۆ بەرهەمهێنانی فیلم لە هەڵەبجە زیاتر ببێت.
 
رزگار مینبەری، بەڕێوەبەری بەرهەم و دیار هەورامی یاریدەدەری دەرهێنەر فیلمەکەیە.
 
ژیوار محەممەد خەڵکی هەورامانە سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، وەک فیلمسازێک خاوەنی چەند بەرهەمێکە، ساڵی رابردوو چوار کورتە فیلمی بەرهەمهێناوە، ئەویش "رژان"، "عەشقێک لە خانەقادا"، "3/16" و "هەڵەبجە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە