خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کان دابەشکران

25-05-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتەکانی 77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دابەشکران؛ فیلمی 'substance' خەڵاتی باشترین سیناریۆی فێستیڤاڵەکەی بردەوە و دوو ئەکتەر بە هاوبەشی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنیان بردەوە.
 
رۆژی شەممە 25ـی ئایاری 2024، خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان راگەیەنران. پەیام سەربەست، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فێستیڤاڵەکە رایگەیاند" سێلینا گۆمێز و زۆو سالدانا لە فیلمی 'Emilia Perez' خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنیان بردەوە.
 
لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکە خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەخشییە فیلمی 'substance' دەرهێنەری فیلمەکە کۆرال فارژی فەرەنسییە و چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە، کە بەدوای دەرمانێکدا دەگەڕێت بۆ گەنجبوونەوە. 
 
دێمی مۆر، رۆڵی ژنە بەتەمەنەکە دەبینێت و مارگرێت کوالیش رۆڵی گەنجیێتی ژنەکە دەگێڕێت. دوای یەکەم نمایشکردنی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی کان، بینەران بۆ ماوەی 13 خولەک بەپێوە وەستان و چەپڵەیان بۆ ستافی فیلمەکە لێدا.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی فێستیڤاڵی کان بۆ ساڵی 2024 درایە ئەکتەری ئەمریکی، جێس پڵیمۆنس کە رۆڵی سەرەکی لە فیلمی 'Kinds of Kindness' گێڕاوە، ئەم فیلمە بەرهەمی ساڵی 2024ـی یۆرگۆس لانتیمۆسی دەرهێنەری یۆنانییە.
 
خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان بۆ ساڵی 2024 بەخشرایە دەرهێنەری پۆرتوگالی میگێل گۆمێز لە فیلمی گراند تاوەر.
 
هاوکات خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەریی کان درا بە فیلمی 'Eimila Perez'، کە فیلمێکی فەرەنسییە و سێلینا گۆمێز رۆڵی تێدا دەگێڕێت. فیلمەکە لە دەرهێنانی جاک ئۆدیاری فەرەنسییە و، چیرۆکی پیاوێک دەگێڕێتەوە کە سەرۆکی باندێکی مادەی هۆشبەرە و رەگەزی خۆی دەگۆڕێت، دوای چەندین ساڵ بە رەگەزە نوێیەکەیەوە دەگەڕێتەوە لای خێزانەکەی.
 

ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە دوو خەڵاتی تایبەتی بەخشی، خاڵاتی تایبەتی دووم بەخشرایە فیلمی 'The seed of sacred fig' لە دەرهێنانی محەممەد رەسوڵۆفی بە رەگەز ئێرانی. ئەو دەرهێنەرە لە ئێران بە هەشت ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو، بەڵام رۆژی 13ـی ئایاری 2024 بەر لەوەی سزاکەی جێبەجێ بکرێت، ڤیدیۆیەکی لە سنووری تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ هەتا هەتایە ئێران جێدەهێڵێت.
 
خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕین
 
خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕین یەکێکی دیکە لەو خەڵاتانەیە، کە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەدرێتە ژمارەیەک دەرهێنەر و فیلمی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە.
 
ئەمساڵ جۆرج لوکاس دەرهێنەرە بەنێوبانگەکەی هۆڵیوود خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی لەلایەن لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی کان پێدرا.
 
هاوکات فیلمی ئەمریکی 'Anora' لە دەرهێنانی sean baker بوو بە براوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی کان بۆ ساڵی 2024 و خەڵاتی گەورەی کانیش بەخشرایە فیلمی هیندی 'all we imagine as light' لە دەرهێنانی پایال گاپادیا.
 
77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، رۆژی 14ـی ئاداری 2024 بۆ ماوەی 12 رۆژبەڕێوەچوو و نزیکەی 150 فیلم لە 28 ژووری سینەمای تایبەت بە فێستیڤاڵەکە نمایشکران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە