ئارام سدیق: کتێبخانە وەک چێشتخانە و ژووری خەوتن لە ماڵدا پێویستە

رووداو دیجیتاڵ

ئارام سدیق، نووسەر و بەرپرسی وەشانخانەی رەهەندە لە سلێمانی، بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لە هەولێر بوو و رووداو لە چوارچێوەی رووماڵی 16یەمین خولی پێشانگەکە هەڤپەیڤینێکی کورتی لەبارەی بە کولتووریکردنی خوێندنی کتێب، لەگەڵیدا سازکرد.
 
ئارام سدیق، سێ کتێبی لەبارەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە هەیە، ئەویش "چۆن خوێندنەوە بکەین بە کولتوور"، "جیهانی خوێندنەوە" و "جیهانی خوێنەر"، لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی لەو چوار رێگەیە کرد بۆ پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە، یەکەمیان سیستەمی پەروەردەیە، دووەمیان خێزانە، سێیەمیان کۆمەڵگەیە کە خۆی لە دەزگەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و رێکخراوە حکومی و نا حکومییەکان دەبینێتەوە و چوارەمیان میدیایە. گوتیشی، بەداخەوە لە کوردستان لەو چوار خاڵە هیچیان وەک پێویست کار بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوە ناکەن و لە هەنگاوەکانی سەرەتادان.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە زۆربەی ماڵەکاندا کتێبخانە نییە، چۆن چێشتخانە و ژووری خەوتن پێویستن، بە هەمان شێوەی پێویستە کتێبخانە لە هەموو ماڵێکدا هەبێت. 
 
روونیشیکردەوە، ئەدەبیات دەروازیەکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی منداڵ لە رێگەیەوە بێتە نێو جیهانی خوێندنەوە. گوتیشی، یەکێک لە کێشە گەورەکانی سیستەمی پەروەردە لە کوردستان ئەوەیە کە چیرۆک لەخۆ ناگرێت، منداڵ پێویستی بەوە نییە ئامۆژگاری بکەیت، بەڵکو دەبێت پێشانی بدەیت و لە رێگەی چیرۆکەوە شتەکان ببینێت.
 
بە بڕوای نووسەر، لە نێو خێزاندا، بۆ ئەوەی منداڵ ببێتە خوێنەر، سەرەتا دەبێت دایک و باوک خوێنەر بن. گوتیشی، تەنیا دابینکردنی پێدوایستییە ماددییەکان بۆ منداڵ گرنگ نییە، بەڵکو پێداویستییە مەعنەوییەکانیش زۆر گرنگە، نابێت تەنیا جلوبەرگ و خۆراک بۆ منداڵەکان دابین بکرێن، دەبێت پێداویستییە هیزرییەکانیشی گەشە بکات.